مانچستەر سیتی پلانی درێژكردنەوەی گرێبەستی فەیلەسووف دادەڕێژێ

:: AM:09:55:29/05/2017 ‌

سەرۆكایەتی یانەی مانچستەر سیتیی ئینگلیزی پلانی داڕشتووە گرێبەستی راهێنەرە فەیلەسووفەكەی پیپ گواردیۆلای ئیسپانی نوێ بكاتەوە و بۆ ماوەیەكی درێژ دەستی پێوە بگرێ.

رۆژنامەی (میرۆر)ی ئینگلیزی بڵاوی كردەوە: سەرۆكایەتی یانەی مانچستەر سیتی ئامادەن گرێبەستی گواردیۆلا بۆ ماوەیەكی درێژتر نوێ بكەنەوە كە خۆی لە 2019 بەكۆتا دێت.

بەرپرسانی یانەی مانچستەر سیتی پێیانوایە كە گواردیۆلا باشترین راهێنەرە بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژە درێژخایەنەكەی یانەكەیان كە بەدەستهێنانی ناسناوی خولەكانی ناوەخۆ و ئەوروپایە لە داهاتوودا، هەرچەندە ئەمساڵ یانەكە لە یەكەم وەرزی راهێنەرایەتی گواردیۆلادا لە پلانەكانی سەركەوتوو نەبوو.

ئەو فەیلەسووفە ئیسپانییە هەرزوو لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەدا دەستی بە كارەكانی كرد و بەفەرمی چەند یاریزانێكی لە تیپەكەیدا دەركرد، هەروەها یەكەم گرێبەستی نوێشی راگەیاند كە ئەویش بێرناردۆ سیلڤای ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی پورتوگالی و یانەی مۆناكۆی فڕەنسی بوو.

گواردیۆلا بە 43 ملیۆن پاوەن گرێبەستی بێرناردۆی بەكۆتا هێنا، بەنیازیشە لەچەند رۆژی داهاتوودا گرێبەستی نوێی تریش رابگەیەنێ بەتایبەت لە باڵەكانی هێڵی بەرگریدا كە بەشێك لە یاریزانە رۆیشتووەكان لەم شوێنە یارییان دەكرد.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م