تۆتی بەفرمێسكەوە ماڵئاوایی یەكجاری لە هاندەرانی رۆما كرد
فڕانشیسكۆ تۆتی ئەفسانە و كاپتنی یانەی رۆمای ئیتاڵی دوێنێ یەكشەم لە دوایین یاریی بە درێسی یانەكەیدا بە فرمێسك و گریان ماڵئاوایی یەكجاری لە هاندەرانی یانەكەی كرد.
دوێنێ یەكشەم دوایین یارییەكانی ئەم وەرزەی خولی پلە یەكی ئیتاڵیا بەڕێوە چوون و تێیدا یانەی رۆما لە دوایین یارییدا لەنێو یاریگەی ئۆڵەمپیكۆ بە ئەنجامی 3-2 گۆڵ لە یانەی جەنەوەی بردەوە.
تۆتی لەو یارییەدا بەشێوەی یەدەگ لە شوێنی محەمەد سەڵاحی ئەستێرەی میسڕی لە خولەكی 54 هاتە نوێ یاریگە و بەشداری یارییەكەی كرد.
تۆتی لە لێدوانێكدا بۆ هاندەرانی یانەی رۆما بە فرمێسك و گریانەوە لە یارییەكە گوتی: دەمەوێ سوپاسی هەموو هاندەرانی یانەی رۆما بكەم كە لە كاتی خۆشی و ناخۆشیدا پاڵپشتم بوون، بەڕاستی ئەمە كارێكی ئاسان نییە و دڵنیابن تا لە ژیاندا مابم بیرتان دەكەم.
تۆتی تەمەن 40 ساڵ بە یارییەكەی دوێنێ بەرامبەر یانەی جەنەوە، كۆی یارییە بەشدارەكانی لەگەڵ یانەی رۆما كردە 786 یاریی و لە ماوەی ئەو 25 ساڵەی یاریكردندا توانیبووی 307 گۆڵ بۆ یانەی رۆما تۆمار بكات.
وشە -
ئامانج ئهكرهم