میسال ئالووسی: نەیارانی ریفراندۆم لە خورافاتی مێژوودا دەژین

:: PM:12:47:31/05/2017 ‌

میسال ئالووسی پەرلەمانتاری عێراق دەڵێت كە مافی چارەی خۆنووسینی هەرێمی كوردستان تەنیا خواست و پڕۆژەیەكی سیاسی نییە، بەڵكو مافێكی گەلانە و ئەمەریكاش باش درك بەو مافە دەكات، روونی دەكاتەوە كە هیوادارین ریفراندۆم لە بەغدا و بەسڕە و ناوچەكانی تریش  بكرێت. دووپاتیش دەكاتەوە كە ئەوانەی لە ریفراندۆم دەترسن، لە گەلانیان دەترسن و ئەوانەی لە گەلانیشیان دەترسن لە ناو خورافاتی مێژوودا دەژین.     

*عێراق و ئەمەریكا رێككەوتننامەیەكی چوارچێوەی ستراتیجییان لە نێواندا هەیە، تا چەند ئەو رێككەوتننامەیە كاری پێ دەكرێت و ئەمەریكا لەو رێیەوە دەتوانێت رۆڵی زیاتر لە عێراق ببینێت؟ 

رێككەوتننامەی نێوان عێراق و ئەمەریكا فەرمییە لە نێوان دوو حكوومەتە بەبێ رەچاوكردنی كە كێ فەرمانڕەوایی لەو دوو وڵاتەدا دەكات، بۆیە تا ئێستەش ماوە، گەڕانەوەی ئەمەریكاش بۆ ناوچەكە گەڕانەوەیەتی بۆ بەرپرسیارەتییەكانی بۆ كۆنترۆڵكردنی ئاسایش و ئاشتی، كە ئەوەش لە ئەنجامی چەند شتێكەوە هات، لەوانە فەشەلی سیاسی و تەناهیی حكوومەتی عێراق لەلایەكەوە، لەلایەكی تریشەوە شێوانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەرەسهێنانی سووریا و فرەوانخوازی ئێران و كێشەكانی توركیا.
حزبە ئاینییەكان لە بەغدا فەرمانڕەوان، ئێران و سعوودیەیان دەوێت نەك دنیایەكی شارستانی و هاوچەرخ و دیموكراسی، لە بەرامبەر ئەوەدا پێویستە عێراقییەكان هەوڵ بدەن كە ئەمەریكا و بیركردنەوەكەی بڕوا پێ بكەن كە بەهای راستەقینەی ئەوان بە پرەنسیپەكانی دیموكراسی و ئازادییە و پێویستە ئەوان ئەو پرەنسیپانە لە عێراق كارا بكەنەوە.

*لە ئێستەدا ریفراندۆم و دیاریكردنی مافی چارەی خۆنووسینی كورد تا چەند پرسێكی كردەنییە، بەتایبەتی كە زۆرێك جیا لە كورد دووپاتی دەكەنەوە كە كاتی ئەوە نییە؟

مافی چارەی خۆنووسینی هەرێمی كوردستان تەنیا خواست و پڕۆژەیەكی سیاسی نییە، بەڵكو مافێكی گەلانە و ئەمەریكاش باش درك بەو مافە دەكات، چونكە خۆی داگیركراو بوو و خەباتی زۆری كرد بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی.
عێراق دەوڵەتی پێكهاتەكان نییە، بەڵكو لە دوو پێكهاتەی سەرەكی پێك دێت، ئەوانیش گەلی كورد و گەلی عەرەبن و ئەوەش راستییە، بۆیە ئەگەر لە بنەمای رەسەنایەتی هەر گوند و شارۆكەیەك بكۆڵینەوە، ئەوە ناگەینە سەقامگیری و بنیاتنانی دەوڵەت، هەروەها هەردوو پڕۆژەی ئیسلامی سوننە و شیعە فاشیل بوون لە بەرامبەر پڕۆژەی مەدەنیی مافی مرۆڤ و مافی گەلان و مافی چارەی خۆنووسین و مافی ئافرەت و دەوڵەتی یاسا كە عێراق پێویستی پێیەتی، واتە دەوڵەتێكی دیموكراتی بە كۆمەڵگەیەكی مەدەنی كراوە و یەكتر قبووڵكار.
لەو دەوڵەتە پێویستە كورد چارەنووسی خۆیان لە رێی ریفراندۆمەوە دیاری بكەن كە مافێكی رەوای خۆیانە، لە راستیدا كە باسی پێكهاتەكان دەكەین ئەوە دەرەنجامی فەشەلی سیاسی و حكوومەتییە لە عێراق و دەستوەردانی وڵاتانی دراوسێیە، هەروەها بوونی تیرۆریستان، ئەوانە بوونە مایەی ترس و دڵەڕاوكێ لە نێوان دوو گوند و دوو هۆز و تا دوایی.

*هەرێمی كوردستان تا چەند وابەستەی عێراقە لە كێشە و دۆخ و سروشت و مێژوو و جیۆگرافیاكەی، ئاخۆ لە چەند ساڵی رابردوو كورد و كوردستان نەیانتوانیوە بیسەلمێنن كە جیاوازن یان دەتوانن جیاوازتر بن لە عێراق؟  

دەتوانین هەرێمی كوردستان لەو ترس و رارایییە بەدەر بكەین كە لە عێراقدا هەیە، ئەوەش بەهۆی دانایی و هێمنی سەركردایەتیی سیاسی و خەباتی گەلی كورد، پێویستە ئاگەداری ئەو هاوكێشەیە بین، بە مانایەكی تر كورد خاوەنی سامانێكی گەورەی سروشتییە كە ئەویش ئاكاری لێبوردەیی و هێمنی و سەركردایەتی دانا و خەباتێكی دوور و درێژە.
وەك عێراقییەك و خەڵكی ناوچەكە قسە دەكەم، تا ئێستە هیچ كەسێكی كورد هەڵنەستاوە بە تۆڵەكردنەوە لە كەسێكی عەرەب یان جیا لە عەرەب، بەبێ رەچاوكردنی پلە و پایەكەی لە سوپا و ئاسایش یان لە هەر پۆستێكی تر، كورد بە رێگەی لێبوردەییدا رۆیشتن، بۆیە پڕۆژەی كورد نزیكترە لە پڕۆژەیەكی مەدەنی و دیموكراتی سەركەوتوو، بۆیە وەك سیاسییەك داوای بەڕێوەبردنی ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان دەكەم و پاڵپشتی ئەنجامدانی دەكەم، چونكە دەمەوێ لە عێراق پڕۆژەیەكی سەركەوتوو ببینم نەك چەندان پڕۆژەی فاشیل وەك ئێستە لە بەغدا هەن.

* دەكرێت ریفراندۆمی كوردستان بكرێتە مۆدێل بۆ عێراق، بەتایبەتی كورد زووتر بووە خاوەن حكوومەت و پەرلەمان و هەڵبژاردن، بۆچی ئەو هەموو ترسە لە ریفراندۆم؟

هیوادارین ریفراندۆم لە بەغداش بكرێت كە ئاخۆ چارەنووسی بەغدا چییە، هەمان شت بۆ بەسڕە و شوێنەكانی تریش، بۆیە لام سەیرە كە سیاسەتوانان لە ریفراندۆم دەترسن، بۆیە ئەوانەی لە ریفراندۆم دەترسن، ئەوە لە گەلانیان دەترسن و ئەوانەی لە گلانیشیان دەترسن لە ناو ئەفسانەكانی مێژوودا دەژین.     



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل