750 هەزار كەسی تر لە مووسڵەوە ئاوارەی كوردستان دەبن



بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی كۆچ و كۆچبەران لە وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، پێشبینی دەكەن 500 تا 750 هەزار كەس لە كاتی جەنگی مووسڵ ئاوارەی هەرێمی كوردستان بن، ئەم ژمارە زۆرەی ئاوارەكانیش لەو حەوت كەمپەی لە هەولێر و دهۆك دروست كراون، جێگەیان نابێتەوە و تووشی كێشەی گەورە دەبین لە نەبوونی شوێنی مانەوە بۆ ئاوارەكان.

شاكر یاسین بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی كۆچ و كۆچبەران لە وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند،  بۆ پێشوازی لە ئاوارەكانی مووسڵ، پێنج كەمپ لە دهۆك و دوو كەمپیش لە مەخموور دروست كراون، بەهاوكاری رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و حكوومەتی عێراق، بەڵام ئەو كەمپانە ناتوانن ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەكان لەخۆ بگرن لەوكاتەی هەڵمەتی رزگاركردنی مووسڵ دەست پێ بكات.

ئەوەشی ڕاگەیاند، ئەگەر ئەو حەوت كەمپەی لە دهۆك و هەولێر دروست كراون، هەریەكێكیان شوێنی هەزار خێزان ببێتەوە و هەر خێزانێكیش لە پێنج كەس پێك هاتبن، ئەوا هەر حەوت كەمپەكە شوێنی حەوت هەزار خێزانی تێدا دەبێتەوە، هەر خێزانێكیش لە پێنج كەس پێكهاتبێ، ئەوا دەتوانێ 35 هەزار ئاوارە لەخۆ بگرن.

هەروەها گوتی، بەگوێرەی لێكدانەوەكان، ئەگەر لە شەڕی رزگاری مووسڵ كاتی زۆری بوێ، پێشبینی دەكرێ 500 تا 750 هەزار كەس ئاوارەی هەرێمی كوردستان بن، هاتنی ئەم ژمارەیەش لە كاتێكدایە ئەو كەمپانەی بۆ ئاوارەكان دروست كراون، جێگەی ئەو ژمارەیەی ئاوارەكانیان تێدا نابێ و بەمەش كێشەی نەبوونی شوێنی مانەوە دروست دەبێت.

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی كۆچ و كۆچبەران لە وەزارەتی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان لەبارەی ژمارەی ئەو كەمپانەی لە كوردستاندا هەن بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، كە بەو حەوت كەمپەش كە لە دهۆك و هەولێر دروست دەكرێن، لەگەڵ كەمپەكانی خانەقین و كەركووك، ژمارەی ئەو كەمپانەی لە هەرێمی كوردستاندا هەن بە كەمپی ستاندارد و ترانزێت و ناستاندارد دەبێتە 50 كەمپ.

شاری مووسڵ دووەم گەورەترین شاری عێراقە و دەكەوێتە 405 كیلۆمەتر باكوری بەغدا و ژمارەی دانیشتووانی دوو ملیۆن كەس بوو پێش هاتنی داعش بۆ شارەكە، لە 2014 زیاتر لە 300 هەزار كەس لە دانیشتووانی ئاوارەی شارەكانی كوردستان بوون، لەو كاتەی نزیكەی 60 هەزار لە سەرباز و پۆلیسی ناوخۆیی مووسڵ لە رۆژی 10 حوزەیران/یۆنیۆی 2014 شارەكەیان جێ هێشت و تیرۆریستان كۆنتڕۆڵیان كرد، بڕیارە لەم مانگەشدا دوای دووساڵ لە داگیركردنی شارەكە لە لایەن داعشەوە، هێرش بۆ ڕزگاركردنەوەی شارەكە دەست پێ بكات.

وشە/باز ئەحمەد.


وشە - باز ئه‌حمه‌د


PM:03:47:01/10/2016




ئه‌م بابه‌ته 414 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌