لەو حاڵەتانە لە خواردنەوەی قاوە دوور بكەوە

:: PM:03:49:09/10/2016 ‌
قاوە بێجگە لە چێژەكەی لای خەڵكانێك كە لەسەری راهاتوون و بووەتە بەیەكێك لە خواردنەوە خوازراوەكانی رۆژانەیان، سوودی زۆری هەیە. لەوانە خێراكردنی پرۆسەی میتابۆڵیسم و پاراستن لە چەند نەخۆشییەك وەك شەكرە و جەڵتەی دڵ و مێشك و پاركنسن و ئەلزەهایمەر و چەند جۆرێك شێرپەنجە.

ئەوانە بێجگە لە كاریگەری بۆ سەر مێشك و هێوركردنەوەی و هەر ئەوەش وای كردووە كە ببێتە بڵاوترین گیراوە كە دەخورێتەوە، رۆژانە لە سەرانسەری دنیا دوو ملیار و چارەكە ملیارێك كوپی لێ دەخورێتەوە.

هاوكات وەك هەر مادەیەكی خۆراكی تر زیاد لە پێویست بەكارهێنانی زیانی دەبێت، وەك شارەزایان دیارییان كردووە كە رۆژانە لە سێ كووپ تێپەڕ نەكات، ئەگەر نا تووشی ئاڵوودەبوون و خەوزڕانت دەكات، بۆیە هەوڵ بدە كە لەو حاڵەتانەی خوارەوە قاوە نەخۆیتەوە: 

-ئەگەر شڵەژاو و خەوزڕاو بیت، مادەی كافایینی ناو قاوە هاندەرە بۆ سیستمی دەمار و دەردانی هۆڕمۆنی كۆرتیزۆل كە ئەوەش رێخۆشكەرە بۆ نیگەرانی و هۆكاریشە بۆ خەوزڕان.

-ئەگەر ماوەیەكی درێژە نەنوستوویت، كەسانێك بۆ نەهێشتنی خەوهاتن و چالاككردنەوەی مێشكیان پەنا بۆ خواردنەوەی قاوە دەبەن، بۆیە ئەگەر خۆت كەم بنوویت شتێكی هەڵەیە كە بۆ خۆچالاككردن قاوە بخۆیتەوە، بەڵكو لە بری ئەوە سەرخەوێك بشكێنە.

-ئەگەر كاتەكە بەرەبەیان بێت، لە سەعاتەكانی بەرەبەیان رێژەی هۆڕمۆنی كۆرتیزۆل لە خوێن لە هەموو كاتەكانی تر زیاترن و ئەوەش چالاكییەكی گەورەمان پێ دەبەخشێت، دواتر لە سەعاتی 10ی بەیانی تا نیوەڕۆ كەمتر دەبێتەوە، بۆیە باشترە لەو كاتە قاوە بخورێتەوە.

-قاوەی زۆر گەرم، رێكخراوی تەندروستی جیهانی راپۆرتێكی دەركردووە و تیایدا دەڵێت كە ئەو شلانەی مرۆڤ دەیانخواتەوە ئەگەر پلەی گەرمیان لە 65 پلەی سەتی زیاتر بێت، ئەگەری تووشبوونت بە شێرپەنجەی سورێنچك هەیە، بۆیە ئەوانەی قاوە بەگەرمی دەخۆنەوە لە مەترسیدان.

-هەندێك نەخۆشی، مادەی كافایین دەبێتە هۆی درەنگ چاكبوونەوە لە هەندێك نەخۆشی، وەك بەرزی پاڵەپەستۆی خوێن و ناڕێكی لێدانی دڵ و شەكرە و داخورانی ئێسك  و ترشانی گەدە و خۆراك گەڕانەوە.

-لە كاتی بەكارهێنانی چەند دەرمانێك، كافایین كاریگەری چەند دەرمانێك پێچەوانە دەكاتەوە لەوانە هی گڵاندی دەرەقی و خەمۆكی و قورحە.

-دووگیان ئەگەر مەترسی لەبارچوونی لێ بكرێ، كافایین ئەگەری لەبارچوون زیاتر دەكات.

-بەرزی كۆلیسترۆڵی زیانبەخش، ئەگەر ئەو حاڵەتەت هەیە، پێویستە قاوە بەو شێوەی ئاسایی نەخۆیتەوە، بەڵكو قاوەكە بە فلتەرێكدا تێپەڕ دەكرێت و مادەی كافیسترۆلی لێ جیا دەكرێتەوە.

وشە/سحەتوك-و: مەحموود ئیسماعیل


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل