نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وهزیرانی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی کۆچی دوایی شاعیری ناوداری کورد مامۆستا خالیدی حیسامی، ناسراو بە (هێدی) پەیامێکی ئاراستەی بنەماڵەی خوالێخۆشبوو، خەڵکی بۆکان و مەهاباد و هەموو گەلی کوردستان کرد و خوالێخۆشبووی وەک رۆشنبیرێکی شۆڕشگێڕ و وەفاداری ئامانجەکانی شۆڕشی کوردستان و کوردایەتی ناساند.
لە بەشێکی پەیامەکەدا نێچیرڤان بارزانی باسی لەوە کردووە کە مامۆستا هێدی بەشدارییەکی بەرچاوی لە کۆماری کوردستان لە مەهاباد و شۆڕشی ئەیلوولدا کردبوو. شیعر و نووسینەکانی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی کۆماری کوردستان و هەروەها لە شۆڕشی ئەیلوول و کارکردنی لە ڕادیۆی دەنگی کوردستانی عێراقدا، جێگەی شانازی بوون.
دەقی پەیامەکە:
بەبۆنەی کۆچی دوایی شاعیر و نووسەری ناوداری کورد مامۆستا خالیدی حیسامی (هێدی)، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزی مامۆستای خوالێخۆشبوو و خۆمان و هەموو گەلی کوردستان دەکەم و لە خوای مەزن نزای بەهەشتی بۆ دەخوازین.
مامۆستا خالیدی حیسامی کە پێش 89 ساڵ لە گوندی شێخاڵی نێوان هەردوو شاری بۆکان و مەهاباد لە بنەماڵەیەکی دیار لەدایک ببوو، کەسایەتی و شاعیرێکی جێگەی شانازیی خەڵکی خۆشەویستی بۆکان و مەهاباد بوو. مامۆستا خالیدی حیسامی لەگەڵ هەردوو شاعیر و ڕۆشنبیری نێودار هێمن و هەژاری موکریانی، سێکوچکەی ڕۆشنبیری و ئەدەبیاتی موکریانیان پێکهێنا و کۆڵەگەیەکی بەرچاوی ڕۆشنبیری و ئەدەبی کوردیش بوون بەگشتی.
مامۆستای خوالێخۆشبوو خالیدی حیسامی، بەشدارییەکی بەرچاوی لە کۆماری کوردستان لە مەهاباد و شۆڕشی ئەیلوولدا کردبوو. شیعر و نووسینەکانی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی کۆماری کوردستان و هەروەها لە شۆڕشی ئەیلوول و کارکردنی لە ڕادیۆی دەنگی کوردستانی عێراقدا، هەمیشە بۆ خۆی جێگەی شانازی بوون و، بۆ شۆڕشگێڕانی کوردستان و پێشمەرگەش مایەی ورەبەرزییەکی زۆر بوون.
مامۆستا خالیدی حیسامی، دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول و هەڵگیرسانەوەی شۆڕش، وەک شاعیرێکی شۆڕشگێڕ، جارێکی دیکە نزیک و تیکەڵاوی شۆڕش بوو، ئەو وەفادارییە و نزیکییەیشی وایکرد کە بتوانێت دەق و شاکاری شیعریی پڕ بههەست بۆ کۆچ و بیرەوەرییە ساڵانەکانی مەلا مستەفا بارزانی و ئیدریس بارزانی بنووسێت لەپێش ڕاپەڕین.
مامۆستا خالیدی حیسامی، بۆ ئێمە پێشمەرگە، ڕۆشنبیر و وەفادار و یادگارێکی پێشەوا قازی محەممەد و بارزانیی نەمر بوو.
مامۆستا خالیدی حیسامی، ویڕای شیعرە شۆڕشگێڕییە هەستهەژێنەکانی، غەزەلنووسێکی گەورە بوو، لەو بوارەشدا بە هەستی ناسک و جوانناسیی خۆی، جێگەیەکی دیاری لەناو ئەدەبی کوردیدا بۆ خۆی کردووەتەوە.
مامۆستا خالیدی حیسامی، بە خەبات و بەرهەمەکانی هەمیشە وەک کەسێکی خۆشەویستی گەلەکەی و وەفاداری ئامانجەکانی شۆڕشی کوردستان و کوردایەتی دەمینێتەوە. یادی بەخێر و ڕۆحی شاد بێت.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆک وهزیرانی هەرێمی کوردستان.
28ی ئۆکتۆبهری 2016