بەوێنە.. نیان ستایلی پۆپ تاقی دەكاتەوە

:: PM:01:33:17/06/2017 ‌

خانمە گۆرانیبێژی ناسراوی كورد نیان عەبدوڵا بۆ یەكەم جار ستایلێكی جیاواز لەگەڵ چەند كچێك و چەند موزیكژەنێك، كار بۆ گۆرانییەكی نوێ دەكات. 

ئەمڕۆ شەموو نیان بە"وشە"ی راگەیاند: نوێترین بەرهەمی بریتییە لە كلیپكردنی گۆرانییەكی نوێ بەستایل و شێوازێكی نوێ، گوتی یەكەم جارە بەستایلی پۆپ گۆرانی دەڵێم، دوێنێ دەستمان بەكاری كلیپكردنی كردووە. بۆ جەژنی ڕەمەزان وەك جەژنانەیەك دەبێت بۆ هەواداران و گوێگرانی گۆرانی و موزیكی كوردی و هیوادارم بەدڵی هەموو لایەك بێت .

هەروەها گوتی، لە ئێستەدا لەڕووی ناوەڕۆك و وردەكارییەكانەوە لەوە زیاتر باس ناكەم، دەمەوێت بیكەم بەسوپرایز بۆ گوێگران .


وەك لە وێنەكاندا دیارە ئەو كلیپەی ناوبراو بەشێوازێكی مۆدێرن كاری كلیپی بۆ دەكرێت لەگەڵ چەند موزیكژەنێكی لاو و چەند كچێك تێیدا بەشداری دەكەن.


نیان عەبدوڵا لە ساڵی 1996دەستی بەكاری هونەری كردووە و خاوەن چەندان بەرهەمە لە بواری گۆرانیگوتن، دواین كاری هونەری بریتی بوو لە بڵاوكردنەوەی گۆرانیی "بێ نسیبم"، دواتر بەهۆی تووشبوونی بەنەخۆشیی شێرپەنچەی هێلكەدان، دوور كەوتەوە لەكاری هونەری . ساڵی ڕابردوو بەمەبەستی چارەسەر ڕووی لە ئەڵمانیا كرد و لە نەخۆشخانەی چاریتا خرایە ژێر چاودێریی پزیشكان. لەبارەی تەندروستیی ئێستەی نیان بە "وشە"ی راگەیاند: سوپاس بۆ خوای گەورە لە ئێستەدا تەندروستیم زۆر باشە .

هه‌ولێر/ شاخەوان شێخانی













وشە - تایبه‌ت