كارڤاخال لە سۆرانە

:: PM:09:26:20/06/2017 ‌

گەنجێكی شاری سۆران رووخساری رێك هاوشێوەی دانی كارڤاخالی بەرگریكاری یانەی ریال مەدرید و هەڵبژاردەی ئیسپانیایە و بەهۆی خۆشەویستی ئەو یاریزانەشەوە بەڕێژەیەكی باش قسە بە زمانی ئیسپانی دەكات.

گەنجێکی دانیشتووی قەزای سۆران که پێشتر له تیپی ئاشنا یاریی دەکرد و ئێستاش له تیپی لاوانی ئەزموون یاری دەکات، ناوی ئەو یاریزانە (علی)ییە و لەگەڵ کارفاخال شێوەی روخسارییان زۆر لەیەكتر نزیکه.

ئەم گەنجه وێرای ئەوەی قوتابیه له پۆلی ۱۱ وێژەی، هەروەها یاریزانێکی ئاست بەرزی تۆپی پێیە، هەر له تەمەنی مندالیشەوە ئاشنایەتی لەگەڵ تۆپی پێ دروست کردووه و هاورێیەکانی به کارڤاخال ناوی دەبەن.

کارڤاخالی سۆران بۆ (وشـــه) دەلێت: هەر له منداڵییەوه خولیای تۆپی پێ بوومه و له کاتی یاریکردنیشمدا هاوشێوەی کارڤاخال له هێڵی بەرگریی لای راست یاری دەکەم.

زیاتر دەڵێت: كارڤاخالم زۆر خۆشدەوێت و هیوا و ئاواتم ئەوەیە رۆژێك لە رۆژان بگەمه لای و یاخود هاوشێوەی ئەو له یانەیەكی گەورەی وەک ریال مەدرید یاری بکەم.

ئەم کورە گەنجه لەبەر خۆشەویستی کارڤاخال ئەکاونتی فەیسبووکیشی هەر به ناوی علی کارفاخال داناوه و بەردەوام جل و بەرگی وەرزشی ئەم یاریزانه و ژماره دووی یانەی ریال مەدرید دەپۆشێت.

علی دەلێت: تەنانەت ڕۆژی له دایکبوونیشمان هاوشێوەی یەکه، علی کارڤاخال له دایکبووی 1/11/1995، هەروەها کارفاخالی ئیسپانیش له رۆژی  1/11/1992 لەدایك بووە.

 کارفاخالەكەی سۆران له درێژەی قسەکانی بۆ وشـــــه دەلێت: خەلک زۆر وێنەم لەگەڵ دەگرن و ئەوانەشی نامناسن یاخود یەکەم جاره دەمبینن دەلێن تۆ برای کارڤاخالی؟!

"تەنانەت کارڤاخالی ئیرانیش وێنەی منی له تۆرە کۆمەڵایەتییەکانی بڵاو کردۆتەوه، هەروەها چەند هاوڵاتییەكی خەلکی ئیسپانیاش وێنەی منیان بڵاو کردۆتەوه، تەنانەت زۆربەی خزم و هاورێیانیشم ناوم به کافاخال دێنن " كارڤاخالەكەی سۆران وای گوت.

علی بەهۆی خۆشەویستی بۆ ئەم یاریزانه و هەروەها لێکچوونیان له ئێستادا زیاتر له %80ی زمانی ئیسپانی دەزانێت، وەک ئەم گەنجه خۆی دەلێت" سەرجەم یارییەکانی ریال مەدرید و کارڤاخال دەبینم، هەر له رێگەی چەند هاورێکی ئیسپانییەوە و هەروەها بەهۆی زۆری سەیرکردنی یاری و بەرنامە تەلەفزیۆنییەكان فێری زمانی ئیسپانیا بوومه، له کاتی یاریكردنیشدا به زمانی ئیسپانی قسه دەکەم و  لاسایی ئەم یاریزانه دەکەمەوه، وەَ ئەوانەی كە یاریی بەرامبەر دەكەن و نامناسن یاخود یەكەمجارە بمینن بەردەوام دەلێن تۆ برای کارڤاخالی.

لە كۆتایشدا عەلی كارڤاخال خەونی گەورەی خۆی بۆ وشە ئاشكرا كرد و رایگەیاند كە خەونی گەورەی ئەوەیه ڕۆژێک لە رۆژان لە نزیكەوە كارڤاخال ببێنت و یاری بۆ یانەیەكی گەورەی جیهانیدا بکات.







سۆران/یونس ئەمین




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م