رەنگە مۆرینۆش زیندانی بكرێ

:: AM:09:55:21/06/2017 ‌

تادێت یاریزان و راهێنەرە داواكراوەكانی تۆپی پێی لەسەر ئاستی جیهان لەلایەن دادگای ئیسپانیاوە بۆ زیندانیكردن زیاد دەبێت، نوێترین نێچیریش جۆزێ مۆرینۆی راهێنەری پێشووی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی و ئێستای یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزییە.

پێشتر دادگای ئیسپانیا سزای زیندانیكردنی 21 مانگی بەسەر لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی سەپاندبوو بە تۆمەتی خۆ دزینەوە لە پێدانی باج بە حكوومەت، هەفتەی رابردووش تۆمەتێكی تری دایە پاڵ كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی و یانەی ریال مەدرید و چاوەڕوان دەكرێ سزاكەی 7 ساڵ زیندانیكردن بێت.

رۆژنامەی (ماركا)ی شاری مەدرید بڵاوی كردەوە: نوێترین داواكاری دادگای ئیسپانیا برێتییە لە جۆزێ مۆرینۆی راهێنەری پێشووی یانەی ریال مەدرید.

دادگاكە مۆرینۆی بەوە تاوانبار كردووە لەنێوان ساڵانی 2011 و 2012 خۆی لە پێدانی بڕە پارەیەكی زۆر بە پێدانی باج بە حكوومەتی ئیسپانیا دزیوەتەوە كە زیاتر لە 3 ملیۆن یۆرۆ دەبێت و بۆ هەر ساڵێك 1.6 ملیۆن یۆرۆ دەخەمڵێنرێ.

جێی باسە هەینی رابردوو رۆناڵدۆ بەشێوەیەكی كتوپڕ بڕیاری جێهێشتنی ئیسپانیا و یانەی ریال مەدریدی دەركرد دوای ئەوە دادگای ئەو وڵاتە تۆمەتباری كرد بە خۆدزینەوە لە پێدانی باج بە بەهای نزیكە 16 ملیۆن یۆرۆ، بەگوێرەی یاسای ئیسپانیاش چاوەڕوانیش دەكرێ سزاكەی 7 ساڵ زیندانیكردن بێت.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م