لەسەر داوای نیمار.. بەرشەلۆنە رێككەوتنی لەگەڵ ئەو یاریزانە كردووە

:: AM:10:44:21/06/2017 ‌

بەگوێرەی زانیارییە رۆژنامەوانییەكان یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی بەتەواوی لەگەڵ دروستكەری یاریی یانەی سانتۆسی بەڕازیلی لوكاس لیما رێككەوتووە و سەرەتای ساڵی داهاتوو پەیوەندییان پێوە دەكات.

گرێبەستەكەی لیمای تەمەن 26 ساڵ لەگەڵ یانەی سانتۆس بەفەرمی لە مانگی كۆتایی ئەمساڵ تەواو دەبێت، دواتریش یانەی بەرشەلۆنە بەفەرمی و بەشێوەی ئازاد لە ماوەی گواستنەوەی زستانەدا دەیهێنێتە یانەكەیەوە.

زانیارییە رۆژنامەوانییەكان ئاشكرایان كردووە كە گرێبەستەكەی لیما لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە بۆ ماوەی 4 ساڵە و لە رۆژی یەكەمی ساڵێ نوێ بەفەرمی رادەگەیەنرێ.

گرێبەستكردنی یانەی بەرشەلۆنە لەگەڵ لیما لەسەر راسپاردەی نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی بووە كە لە هەمان كاتیشدا باوكی بەڕێوەبەری كارەكانی لیماشە.

جێی باسە لیما لە ساڵی 2014وە یاری بۆ یانەی سانتۆس دەكات و تا ئێستاش بەشداریی لە 14 یاریی ناودەوڵەتی لەگەڵ هەڵبژادرەی بەڕازیلی كردووە و تێیدا 2 گۆڵیشی تۆمار كردووە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م