بەرشەلۆنە داوایەك ئاراستەی ڤیراتی دەكات

:: PM:12:44:21/06/2017 ‌

تادێت ماركۆ ڤیراتی ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی ئیتاڵی و یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی لە پەیوەندیكردن بە یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی یاریزاناندا نزیكتر دەبێتەوە.

ماڵپەڕی (كالچیۆ میركاتۆ)ی ئیتاڵی ئەمڕۆ چوارشەم بڵاوی كردەوە: ڤیراتی لەسەر سەرجەم خاڵەكانی گواستنەوەكە رێككەوتووە و تەنیا رێككەوتنی نێوان هەردوو یانەی بەرشەلۆنە و پاریس سان جێرمان ماوە.

سەرچاوەكە جەختیشی كردەوە كە یانەی بەرشەلۆنە نایەوێ پەیوەندییەكانی لەگەڵ یانەی پاریس سان جێرمان تێك بچێ، هەر لەبەر ئەمە داوای لە ڤیراتی كردووە خۆی كارەكانی گواستنەوەكە لەگەڵ بەرپرسانی یانەكەی ببڕێنێتەوە.

لای خۆشییەوە سەرۆكایەتیی یانەی پاریس سان جێرمان نایەوێ بەهیچ شێوەیەك دەستبەرداری ڤیراتی ببێت، ئامادەیی خۆشی بۆ یاریزانەكە دەربڕیوە گرێبەستێكی نوێی لەگەڵ ئیمزا بكات و مووچەی ساڵانەكەشی بۆ 10 ملیۆن یۆرۆ بەرز بكاتەوە.

جێی باسە یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانیش ئارەزووی گرێبەستكردنی لەگەڵ ڤیراتی دەربڕی بوو، بەڵام كارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری یانەكە رایگەیاندبوو كە یاریزانەكە خۆی دەیەوێ پەیوەندی بە یانەی بەرشەلۆنەوە بكات.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م