ئەو هەواڵەی هاندەرانی ریال چاوەڕوانی بوون.. رۆناڵدۆ پەشیمان بووەوە

:: PM:01:00:21/06/2017 ‌

سەرچاوە رۆژنامەوانییەكانی ئەمڕۆ چوارشەم ئاشكرایان كرد كە كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی لە بڕیاری جێهێشتنی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی پەشیمان بووەتەوە، ئەمە لە كاتێكدایە كە پێشتر رایگەیاندبوو بڕیارەكەی یەكجارییە و پەشیمانبوونەوەی تێدا نییە.

هەفتەی رابردوو دادگای ئیسپانیا بەفەرمی رۆناڵدۆی تاوانبار كرد بە خۆدزینەوە لە پێدانی باج بە حكوومەت لەنێوان ساڵانی 2011 تا 2014 كە بڕەكەی بە زیاتر لە 14 ملیۆن یۆرۆ دەخەملێنرێ.

ئەم بڕیارەی دادگا وای لە رۆناڵدۆ كرد بڕیاری جێهێشتنی یەكجاری خولی تۆپی پێی ئیسپانیا و یانەی ریال مەدرید بدات.

لای خۆیەوە رۆژنامەی (ئاس)ی نزیك لە یانەی ریال مەدرید لە ژمارەی ئەمڕۆ چوارشەمدا ئاشكرای كرد كە رۆناڵدۆ بڕیاریداوە دووبارە پێداچوونەوە بە بڕیاری جێهێشتنی یانەی ریال مەدرید بكاتەوە، هۆكارەكەشی ئەوە بووە كە فلۆرنتینیۆ پێرێزی سەرۆكی یانەكە بەرگرییەكی باشی لێ كردووە و ئەمەش بووەتە جێگەی دڵخۆشی یاریزانەكە.

رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشدا كە رۆناڵدۆ بەچەند رستەیەكی پێرێز سەرسام بووە، بەتایبەت كە گوتوویەتی "رۆناڵدۆ لەو یاریزانانە نییە كە بەدوای پارەوە بگەڕێ، بەڕاستی ئەو ئێستا خەمبارە و رەنگە لەمەشدا حەقی خۆی بێت، چونكە ئەو هەرگیز حەز ناكات ئازاری كەس بدات، دەمەوێ بەلایەنی پەیوەندار بڵێم رۆناڵدۆ بازرگان نییە بەڵكو ئەو بەشێكی گرینگی مێژووی یانەی ریال مەدریدە.

رۆناڵدۆ دڵخۆش بووە بە هەوڵی بەپرسانی یانەی ریال مەدرید بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی لەگەڵ دادگای ئیسپانیا، چاوەڕوانیش دەكرێ دوای تەواوبوونی یارییەكانی پاڵەوانیەتیی جامی كیشوەرەكان لەسەری مانگی داهاتوودا لەگەڵ پێرێز كۆ ببێتەوە و بڕیاری كۆتایی لەبارەی مانەوە و جێهێشتن ئاشكرا بكرێ.

جێی باسە دادگای ئیسپانیا رۆژی 31ی مانگی تەمووزی داهاتووی دیاری كردووە وەك یەكەم رۆژی سەیركردنی ئەو تۆمەتانەی كە ئاراستەی رۆناڵدۆی كراون سەبارەت بە دۆسییەی خۆ دزینەوە لە پێدانی باج بە حكوومەت.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م