ڤیراتی لەگەڵ یانەی پاریس سان جێرمان بڕاندییەوە

:: AM:11:27:22/06/2017 ‌

ماركۆ ڤیراتی ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی ئیتاڵی لەگەڵ بەرپرسانی یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی بڕاندییەوە بۆ ئەوەی لەم هاوینەدا پەیوەندی بە یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانییەوە بكات.

ماڵپەڕی (كالچیۆ میركاتۆ)ی ئیتاڵی بڵاوی كردەوە: ڤیراتی چەند رۆژێك پێش ئێستا لەسەر سەرجەم خاڵەكانی گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە رێككەوتبوو، دوای ئەویش بەرپرسانی یانەی پاریس سان جێرمانی رازی كردووە لە رۆیشتن رێگەی لێ نەگرن.

سەرچاوەكە پێشتر بڵاوی كردبووەوە كە یانەی بەرشەلۆنە نایویستووەلاپەیوەندییەكانی لەگەڵ یانەی پاریس سان جێرمان تێك بچێ، لەبەر ئەمە داوای لە ڤیراتی كردووە خۆی كارەكانی گواستنەوەكە لەگەڵ بەرپرسانی یانەكەی ببڕێنێتەوە.

هەرچەندە پێشتر بەرپرسانی یانەی پاریس سان جێمان لەسەرووی هەمووشیانەوە ناسر خەلیفی سەرۆك جەختی كردبووەوە كە بەهیچ شێوەیەك دەستبەرداری ڤیراتی نابن، بەڵام پێ دەچێ یاریزانەكە توانیبێتی رازییان بكات گرێبەستەكەیان لەگەڵ هەڵبووەشێنێتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەكان لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی رۆلی سەرەكی هەبووە لە رازیكردنی ڤیراتی بۆ ئەوەی پەیوەندی بە یانەی بەرشەلۆنەوە بكات، دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو لە دوورگەی ئیپیزای ئیسپانی گفتوگۆی لەگەڵ كردبوو.

چاوەڕاوان دەكرێ گرێبەستەكەی ڤیراتی لەسەر یانەی بەرشەۆنە زیاتر لە 60 ملیۆن یۆرۆ بكەوێ و مووچەی ساڵانەكەشی برێتی دەبێت لە 10 ملیۆن یۆرۆ.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م