لە هیندستان فیلمی دەرهێنەرێكی كورد خەڵات دەكرێت

:: PM:04:26:23/06/2017 ‌

 

ئەمڕۆ هەینی فیلمی دوورگەی مرواری لە سیناریۆ و دەرهێنانی دەرهێنەری كورد دانا كەریم لە دوای نمایشكردنی لە فێستیڤاڵێكی جیهانی لەوڵاتی هیندستان خەڵات دەكرێت.

 

دانا كەریم بە "وشە"ی راگەیاند  "دوای بەشداریكردن و نمایشكردنی لەفێستیڤاڵیThe Buddha International Film Festival 2017 لەوڵاتی هیندستان فیلمەكەمان واتە فیلمی دوورگەی مرواری ئەمڕۆ هەینی خەڵاتی باشترین سیناریۆی پێ دەبەخشرێت شان بەشانی فیلمە بەشداربووە جیهانییەكان لەوڵاتانی جیاواز."

 

ئەو پیرۆزبایی لەستافی ئەو فیلمە دەکات و دەڵێت جگە لەو فێستیڤاڵە لەچەند فێستیڤاڵێكی تری نێودەوڵەتی وەرگیراوە لە وڵاتانی جیاوازو بەمزووانە نمایش دەكرێت و پێشبڕكێی خەڵاتەكان دەكات .

 

فیلمی دوورگەی مرواری بۆ ناساندنی ئەو كچە شەڕڤانانەیە كەڕووبەڕووی دوژمنانی داعش دەبنەوە و پارێزگاری لەوڵات و جیهانیش دەكەن.

 

 چیرۆكەكەی باس لەبەرگری قارەمانێتی كچانی كوردی شەڕڤان دەكات بەرامبەر ئەو هێزە تاریكانەی ویستیان كوردستان داگیر بكەن ، بە بودجەیەكی كەم بەرهەم هاتووە و هەریەك لەئەكتەران سۆما قاسم و سۆنیا ئاوات و ژان فرانسوا و نەوشێروان غەریب و ڕێكان شاهین بەشداریان کردووە. بەرێوەبەری بەرهەم دانا میرزایە و بەڕێوەبەری وێنەگرتن وەفا مەلا رەحیمە و كاری مۆنتاژیش ئالان ئومێد کردوویەتی و یاریدەدەری دەرهێنەریش ئاكۆ سیرینیە .

 

ئەو دەڵێت "پەیامم ئەوەیە لەڕێگەی ئەو فیلمەوە بەجیهان بڵێم ئێمە دژی ئەو هێزانە شەڕ دەكەین و كچەكانمان بەو شێوەیە ڕووبەڕووی دوژمن دەبنەوە."

 

ئەو فیلمە بەرهەمی كۆمەڵگای پەروەردەیی مارگرێتە و بەهاوكاری بەرێوەبەڕێتی هونەری سینەمای سلێمانی بەسپۆنسەری دکتور تەها ڕەسول  بەرهەم هاتووە.

 

وشە/ شاخەوان شێخانی

 



























وشە - سلێمان تاشان