بەرشەلۆنە جێگرەوەی ڤیراتی دۆزیوەتەوە

:: AM:10:55:28/06/2017 ‌

رۆژنامەكانی ئیسپانیا ئاشكرایان كرد كە یانەی بەرشەلۆنە یاریزانێكی تری دۆزیوەتەوە و لەم هاوینەدا لە شوێنی ماركۆ ڤیراتی ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی ئیتاڵی و یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی گرێبەستی لەگەڵ دەكات.

رۆژنامەی (سپۆڕت)ی نزیك لە یانەی بەرشەلۆنە ئاشكرای كرد: یانەی بەرشەلۆنە بڕیاریداوە لەم هاوینەدا بۆ بەهێزكردنی هێڵی ناوەڕاستی تیپەكەی گرێبەست لەگەڵ سائوول نینگوێزی یاریزانی یانەی ئەتلەتیكۆ مەدریدی ئیسپانی ئیمزا بكات.

رۆژنامەكە بڵاویشی كردەوە كە یانەی بەرشەلۆنە بەكردار دەستی بە هەوڵەكانی بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ سائوول كردووە و لەمبارەشەوە رۆبێرت فێرناندیزی بەڕێوەبەری وەرزشی یانەكە پەیوەندی بە بەرپرسانی یانەی ئەتلەتیكۆ مەدریدەوە كردووە بۆ ئەوەی لە داهاتووی یاریزانەكە دڵنیا ببێتەوە.

سەرچاوەكە بڵاویشی كردەوە كە رەنگە یانەی بەرشەلۆنە لە گرێبەستكردن لەگەڵ سائوول سەركەوتووبێت بە پێچەوانەی هەوڵەكانی بۆ ڤیراتی، چونكە یانەكە پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ بەرپرسانی یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید هەیە و پێشتر چەندان یاریزانیان بەیەكتر فرۆشتووە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م