ئینیستتیوتى نیشتمانى دیموکراتى: 96%ى خەڵکى کوردستان دەنگ بە سەربەخۆیى دەدەن

:: PM:03:56:28/06/2017 ‌


ئینیستتیوتى نیشتمانى دیموکراتى ئەنجامەکانى راپرسییەکى خۆى ئاشکرا کرد کە پێوەست بە چەندین پرسى گرنگ لە ئاستى عێراق و هەرێمى کوردستان ئەنجام دراوە، بەپێى راپرسییەکە رێژەى 96%ى خەڵکى کوردستان دەیانەوێت لە کوردستاندا سەربەخۆدا بژین و لە عێراق جیا ببنەوە.

راپرسییەکەى ئەنیستتیوتى نیشتمانى دیموکراتى لە مانگەکانى ئازار تا نیسانى 2017 کارى لەسەر کراوە، بەپێى راپرسییەکە 59%ى خەڵکى عێراق ئاماژەیان بەوە کردووە کە عێراق بە ئاراستەیەکى هەڵەدا دەڕوات و لە بەرامبەردا تەنیا 39%ى بەشداربووان پێیان وایە ئەو ئاراستەیەى عێراق لەبەرى گرتووە، راستە.

بەشداربووانى هەرێمى کوردستان بەرێژەى 95% پێیان وایە عێراق بە ئاراستەیەکى هەڵەدا دەڕوات، لەکاتێکدا بەشداربووانى بەغدا بەرێژەى 62% پێیان وا بووە عێراق بە ئاراستەیەکى هەڵەدا دەڕوات.

یەکێکى تر لە پرسیارەکانى راپرسییەکە پێوەستە بە بۆچوونى خەڵکى عێراق کە کۆتایى هاتنى داعش لە سوپاى عێراق یان لە حەشدى شەعبییەوە دەبینن، بەرێژەى 76%ى خەڵکى عێراق سوپاى عێراق و 63%ى بەشداربووەکان حەشدى شەعبى پەسەند دەکەن، ئەوەش ماناى ئەوەیە کە هێشتا بەشێکى زۆر لە خەڵکى عێراق پەسەندى حەشدى شەعبى ناکات.

یەکێکى تر لەو پرسیارانەى لەو راپرسییەدا خراوەتە روو، پێوەستە بە بۆچوونى خەڵک لەبارەى یەکگرتوو مانەوەى عێراق یان دابەشبوونى، بەرێژەى 81%ى خەڵکى هەرێمى کوردستان کە بەشدارییان لە راپرسییەکەدا کردووە عێراق بە وڵاتى دابەشبوو دادەنێن، لەکاتێکدا 38%ى خەڵکى بەغدا، 45%ى خەڵکى باشوورى عێراق، ئەو وڵاتە بە دابەشبوو دادەنێن.

بەشێکى تایبەتى راپرسییەکە پێوەستە بە بارودۆخى هەرێمى کوردستان و لەناویاندا ئەو پرسیارە کراوە کە ئایا لەگەڵ سەربەخۆیى و جیابوونەوەى کوردستانن یان مانەوە لە چوارچێوەى دەوڵەتى عێراقدا، بەڕێژەى 96%ى بەشداربووانى راپرسییەکە لەگەڵ سەربەخۆیى و جیابوونەوەن لە عێراق و تەنیا 2%ى بەشداربووان لەگەڵ سەربەخۆیى کوردستان نەبوون، لەکاتێکدا 2%ى بەشداربووان وەڵامیان نەداوەتەوە.






وشە - ڕێبین فه‌تاح