وەرزشوانێكی هیندی لەبەر باڵاپۆشی وازی لە پاڵەوانیەتییەكی گرنگی تاران هێنا

:: PM:02:56:30/10/2016 ‌

نیشانەشكێنی ناسراوی هیندستان بەهۆی سەپاندنی باڵاپۆشی لە ركابەرییەكانی ئاسیایی نیشانەشكێنی، كە لە تاران بەڕێوە دەچێت، وازی لە بەشداریكردن هێنا.

حەنا سەیدهو دوای وازهێنانی لە بەشداریكردنی پاڵەوانیەتییەكە نامەیەكیشی بۆ فدراسیۆنی نیشانەشكێنی نووسیوە و تیایدا ناڕەزایەتی خۆی لەو یاسا و رێسا دواكەوتووانە دەربڕیوە.

ئەو دەڵێت باڵاپۆشی زۆرەملی لەگەڵ گیانی وەرزشوانی ناگونجێت و لەوەی ئەو بڕیارە لە ئێران بەسەر وەرزشواناندا دەسەپێنرێت زۆر نیگەرانە.

ئەو هەروەها گوتوویەتی "وەك وەرزشوانێكی ئافرەت شانازی بە فرەكولتووری و فرە ئایدیایی و فرە مەزەوبی دەكات و دژی هیچ باوەڕێك نییە بەڵام نابێت هیچ باوەڕێكیش بەزۆری بەسەریدا بسەپێنرێت.

جێگەی باسە لە ئێران سەرڕووتكردنی ئافرەت قەدەغەیە و هەر ئافرەتێكی بیانی سەردانی ئێران بكات دەبێت بەرلە چوونەناوەوەی ئێران رێساكانی باڵاپۆشی بپارێزێت. ئەمە تەنیا بۆ وەرزشوانان نییە بەڵكو سیاسەتمەداران و بازرگانان و هەموو توێژەكان دەگرێتەوە.

لە دوای ساڵی ١٩٧٩ كە حكوومەتی پاشایەتی ئێران رووخێنرا و دواتر ئیسلامییەكان جڵەوی دەسەڵاتیان گرتەدەست یاسای باڵاپۆشی سەپێنراوە.

حەنا ساڵی ٢٠١٣ بوو بە خاوەنی مەدالیای زێڕ لە نیشانەشكێنی. یارییەكانی نیشانەشكێنی ئاسیا بڕیارە مانگی داهاتوو لە تاران بەڕێوە بچن.
 
سەرچاوە/VOA


وشە - سلێمان تاشان