محه‌مه‌د حاجى مه‌حموود سكرتێرى حزبى سۆسیالیست دیمو‌كراتى كوردستان راى ده‌گه‌یه‌نێت، ئێسته تا ئاستێكى باش كورد یه‌كڕیز و یه‌كهه‌ڵوێسته و روونیشى ده‌كاته‌وه، ئه‌وه‌ى به‌ناوى سلێمانییه‌وه له دژایه‌تى ریفراندۆم ده‌گوترێت، نوێنه‌رایه‌تى هه‌موو شاره‌كه ناكات و پێى وایه زۆرینه‌ى ده‌نگه‌كانى شاره‌كه به‌ڵێ ده‌بن. ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات كه ده‌وڵه‌تى كوردستان ده‌وڵه‌تێكى نمونه‌یى ده‌بێت له ناوچه‌كه‌دا و هیچ مه‌ترسییه‌ك له‌سه‌ر ئه‌وانى تر دروست ناكات.
ده‌توانرێ له‌م دۆخه‌ى ئێسته ناوماڵی كورد یه‌كڕیز و یه‌كهه‌ڵوێست بكرێ؟
ناوماڵی كورد له چه‌ند ڕوویه‌كه‌وه ده‌یخه‌مه ڕوو، بۆ نموونه له سه‌نگه‌رى پێشمه‌رگه دژی تیرۆرستانى داعش هه‌موو كورد یه‌كڕیزه و ئاماده‌ى به‌رگریكردنه له كوردستان، له مزگه‌وته‌كان هه‌موو له ته‌نیشت یه‌ك نوێژ ده‌كه‌ن و نزا ده‌كه‌ن یه‌كڕیزن، هه‌روه‌ها له هۆڵی پرسه و تازییهكاندا هه‌موو چین و توێژه‌كان یه‌كڕیز و یه‌كهه‌ڵوێستن، به‌ڵام له ڕووه سیاسییه‌كه‌یه‌وه كه‌مێك یه‌كڕیز و یه‌كهه‌ڵوێست نین، ئه‌ویش به‌و شێوه‌یه نییه، بۆ نموونه له‌م كۆبوونه‌وه‌ى چه‌ند ڕۆژی پێشووى سه‌رۆكى هه‌رێم له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان 30 حزب به‌شدار و یه‌كڕیز بوون، دوو حزب به‌شدار نه‌بوون.
باشه بۆچی كورد په‌ند له مێژوو وه‌رناگرێت، ئه‌ی نه‌بوونى یه‌كڕیزى گورزی كوشنده‌ی له كورد نه‌داوه له ڕابردوودا؟
له ڕابردوودا به‌ڵێ زیانى زۆرمان كردووه، له هه‌ندێ كاتدا بۆ نموونه له شاخ ئه‌گه‌ر هه‌موو دژی به‌عس له‌یه‌ك كاتدا شه‌ڕمان بكردایه ده‌ستكه‌وت و كاریگه‌ریى زۆرترى ده‌بوو، شه‌ڕی ناوخۆ زیانى زۆرى بۆ كورد هه‌بوو، به‌ڵام ئێسته تا ئاستێكی باش كورد یه‌كهه‌ڵوێست و یه‌كڕیزه.
ده‌گوترێ ده‌ستێوه‌ردانى وڵاتان هۆكاره بۆ یه‌كڕیز نه‌بوونى ناوماڵی كورد، ئێوه چی ده‌ڵێن له‌و رووه‌وه؟
من ده‌ستێوه‌ردانى وڵاتان به هۆكار نازانم، من ئه‌و لایه‌ن و حزبانه به هۆكار ده‌زانم كه خۆیان ده‌سته‌مۆى وڵاتان كردووه و زه‌وینه خۆش ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى وڵاتانه بێنه پێش، ئه‌گه‌ر نا وڵاتان له خۆوه نایه‌ن بڵێن به حزبێك بڕۆن كێشه بۆ حزبێكى تر دروست بكه‌ن، بۆیه واى ده‌بینم وڵاتان ناتوانن ده‌ست وه‌رده‌نه ناومان ئه‌گه‌ر له ناوخۆمان ڕێگه خۆش نه‌كرێت، ڕه‌نگه له‌ناو هه‌موو میله‌تێك ئه‌وه‌نده خه‌ڵكى تێدا بێت وه‌كاله‌ت بۆ بێگانه بكات.
چاودێران كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی یه‌كێتى له زۆربه‌ى پرسه چاره‌نووسسازه‌كاندا هه‌ڵوێستى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ى نییه؟ له‌لایه‌ك له هه‌ولێر له‌گه‌ڵ پارتییه و له‌لایه‌كى تره‌وه له سلێمانى له‌گه‌ڵ گۆڕانه و دژی پارتى ده‌دوێن، ئه‌م یاریكردنه هۆی چییه؟
"به پێكه‌نینه‌وه" خۆ من پارێزه‌ر و گوته‌بێژى یه‌كێتى نیم، به‌ڵام ئه‌وه‌تا یه‌كێتى به‌شداره له كۆبوونه‌وه‌ى لیژنه‌ى باڵاى ڕیفراندۆم له‌سه‌ر ئاستى مه‌كته‌ب سیاسی و جێگرى سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێم.
هه‌ندێك كه‌س ده‌ڵێن ده‌بێت بارزانی كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات، به‌ڵام بارزانى چه‌ند جار له ڕابردوو داواى كۆبوونه‌وه و چاره‌سه‌رى كێشه‌كانى كرد، هه‌ندێك له حزبه‌كان به‌شدارى ناكه‌ن و دواتر ئۆباڵی كێشه‌كان ده‌خه‌نه ئه‌ستۆى بارزانی، ئێوه چۆن ئه‌و ململانێیه لێك ده‌ده‌نه‌وه؟
بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانه به ئێسته‌یشه‌وه، بۆیه ده‌بێت مروونهتى له هه‌موو لایه‌نه‌كان زیاتر بێت و به ده‌م هه‌موو كێشه‌كانه‌وه بچێت، هه‌روه‌ها له‌برى ئه‌وه‌ى داوا بكات ده‌بێت ئه‌و خۆی بڕیار بدات، چونكه خاوه‌نى بڕیاره و هه‌موو شته‌كان ڕوو له‌و ده‌كه‌ن له‌م وڵاته به چاك و خراپه‌وه، بۆیه پێویسته خۆی بڕیار بدات.
به‌و پێیه‌ی سه‌ركرده‌یه‌كی مه‌یدانی شه‌ڕ بوویت و كوڕێك به كوردستان به‌خشی، خوێندنه‌وه‌تان بۆ شه‌ڕی داعش چییه؟
شه‌ڕی داعش یه‌كێكه له وه‌رچه‌رخانه گه‌وره و گرنگه‌كانى سێ ساڵی ڕابردوو كه هێنده‌ی 30ی ساڵی ڕابردوو كوردى به دنیا ناساندووه و پێشی خست. كورد سه‌ركه‌وتنى گه‌وره‌ى به‌ده‌ست هێنا له‌و شه‌ڕه‌دا، هه‌موو كورد یه‌كڕیز بوو له سه‌نگه‌ره‌كانى دوژمن. له‌ڕووى دیپلۆماسییه‌وه كورد هه‌نگاوى گه‌وره‌ى ناوه كه له ڕابردوودا نهگهشتبووهته ئه‌و ئاسته، ئه‌وه‌ى گرنگه قۆستنه‌وه‌ى ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌یه له‌پاش شه‌ڕی داعش كه به‌هۆی شه‌ڕی داعش هاته پێش. هاوكات بره‌ودان و گه‌شه‌پێدانى ئه‌و پێوه‌ندییه دیپلۆماسییانه له داهاتوودا.
ده‌ستوه‌ردانی ئێران له كۆی ناوه‌نده‌كانی عێراق شتێكی شاراوه نییه و هه‌موو دنیا باسی ده‌كات، به‌ڵام له‌باره‌ی ده‌ستوه‌ردانی له كوردستانیش قسه‌وباس زۆر هه‌یه و هه‌ندێ حزب به جێبه‌جێكاری سیاسه‌تی ئێران له كوردستان هه‌ژمار ده‌كرێن، ئایا ئه‌مانه ڕاستن؟ حزب هه‌یه له كوردستان جێبه‌جێكاری سیاسه‌تی ئێران بێ؟
له ڕاستیدا هه‌موو وڵاتان ده‌ستێوه‌ردانیان له كوردستان و عێراقدا هه‌یه، ئه‌وه ئه‌مه‌ریكا، فڕه‌نسا، به‌ریتانیا، ئیتاڵیا، كه‌نه‌دا، توركیا و چه‌ند وڵاتى تر لێره‌ن، ئێرانیشی لێیه، 28 وڵات هاتوونه‌ته عێراق و هه‌ریه‌كه‌یان كه هاتوون له‌به‌ر خاترى خودا نه‌هاتوون، ئه‌گه‌ر هه‌ندێكیشیان به‌بێ به‌رژه‌وه‌ندى هاتبن، ئه‌وا به‌شێكی تریان بۆ ئه‌وه هاتوون پشكیان هه‌بێت له‌م وڵاته، ئێرانیش نفووسی له عێراق زۆره به‌و پێیه‌ى حكوومه‌تى عێراق له ده‌ستى شیعه‌یه و ئێرانیش شیعه‌یه، كوردیش له 37 ساڵی ڕابردوو پێوه‌ندیی دۆستانه و هاوبه‌شی هه‌بووه به‌هۆی شه‌ڕ دژی به‌عس، بۆیه ئێران كاریگه‌ریى هه‌یه.
كه‌واته ئێسته پێوه‌ندیی نێوان كورد و به‌غدا چۆنه؟
ئێسته كورد له‌گه‌ڵ به‌غدا پێوه‌ندییه‌كى ئه‌وتۆى نه‌ماوه، چونكه له‌ڕووى كارگێڕییه‌وه پاره‌ى كورد له به‌غدا نادرێت و له‌ڕووى جیۆگرافییه‌وه كوردێك بیه‌وێت بچێ بۆ به‌غدا له ڕێگه ده‌یگرن یان سه‌رى ده‌بڕن یان به پاره ئازادی ده‌كه‌ن، كورد حه‌وت وه‌زیرى هه‌بوو له به‌غدا، ئه‌وانیشیان ده‌ركرد و جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران ناده‌نه‌وه به كورد. هێزى چه‌كدار هه‌بوو ئه‌ویش له شه‌ڕی داعش هه‌ڵهاتن، ئێسته ئه‌وان حه‌شدی شه‌عبییان هه‌یه و ئێمه‌ش هێزى پێشمه‌رگه‌مان هه‌یه، بۆیه پێوه‌ندیی ئه‌وتۆ نه‌ماوه، ئه‌وه‌ى هه‌یه پێوه‌ندییه‌كى ته‌له‌فۆنى سه‌رۆك وه‌زیرى عێراقه له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌ویش به‌هۆى شه‌ڕی داعشه و پێوه‌ندییه‌كى لاوازه.
به‌ڵام هه‌ندێ په‌رله‌مانتاری كورد له به‌غدا، به‌رده‌وام له میدیاكان به‌غدا پیرۆز ده‌كه‌ن و گه‌ڕانه‌وه‌ی كورد بۆ به‌غدا به پێویستییه‌كی هه‌میشه‌یی ده‌زانن، ئایا به‌غدا بۆ كورد پیرۆزه؟
له ڕاستیدا تا ئێسته ئه‌و پێنج حزبه‌ى په‌رله‌مانتاریان هه‌یه هه‌موو له به‌غدان و تا ئێسته هیچیان نه‌یانگوتووه و به‌یانیان ده‌رنه‌كردووه كه په‌رله‌مانتاره‌كانیان له به‌غدا بكێشنه‌وه، به‌ڵام وه‌ك باسم كرد كورد پێوه‌ندیی كارگێڕی و جیۆگرافی و ئابوورى له به‌غدا نه‌ماوه، ڕه‌نگه هۆكار بۆ ئه‌وانه به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسی و حزبی خۆیان بێت و له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان بێت، ئه‌گه‌ر نا له كۆی 326 كورسیی په‌رله‌مانى عێراق، ده‌بێت 60 په‌رله‌مانتارى كورد چ كاریگه‌رییه‌كیان هه‌بێت؟ به‌دڵنیایییه‌وه ناتوانن هیچ بڕیارێك بده‌ن و به‌غدا هه‌رچی بیه‌وێت به‌بێ كورد جێبه‌جێی ده‌كات، به‌ڵام له‌گه‌لأ ئه‌وه‌شدا پێویسته كورد پێوه‌ندی هه‌بێت له‌گه‌ڵ به‌غدا و له‌پاش ڕیفراندۆم بۆ جیابوونه‌وه گفتوگۆ له‌وباره‌وه بكه‌ن.
له‌و باسی گفتوگۆیه‌ى ئاماژه‌ت پێ كرد، هه‌ڵوێستى به‌غدا چۆنه له‌سه‌ر ڕیفراندۆم؟
تا ئێسته به‌غدا به فه‌رمى هیچ به‌یانێكى دژی ڕیفراندۆم ڕانه‌گه‌یاندووه، ئه‌وه‌ى هه‌بووه ته‌نیا له كۆتا جاردا له‌سه‌ر داواى حزبه عه‌ره‌بییه عێراقییه‌كان كه داوایان لێ كردووه هه‌ڵوێست و قسه‌ى هه‌بێت وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیر، عه‌بادی گوتوویه‌تى ئه‌گه‌ر ڕیفراندۆم بۆ جیابوونه‌وه بێت، ئه‌وا شكات ده‌كه‌م.
25/9 وه‌ك ڕۆژی ڕیفراندۆم دیاری كرا، له سلێمانى هه‌ندێك حزب تا ئێسته وه‌ك پێویست له‌گه‌ڵ ڕیفراندۆم نین، به بڕواى تۆ هۆكار چییه ئه‌و شاره‌ی قوربانی دا ئێسته حه‌زی له‌ژێرده‌ستیی عه‌ره‌ب بێت؟
له به‌رده‌ركى سه‌را تا سه‌هۆڵه‌كه هه‌موو كوردستان ناكات و ناوچه‌كه فراوانه و هه‌موو وا نین، خه‌ڵكى سلێمانى له مێژوودا له پرسی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیدا هه‌میشه پێشه‌نگ بوون له قوربانیدان، ڕۆژی ڕه‌شی 6ى ئه‌یلوولی به‌رده‌ركى سه‌را بۆچی ڕووی دا؟ بۆ ئه‌وه‌بوو داوایان له خه‌ڵكى سلێمانى كرد ده‌نگ بدات سلێمانى بخه‌نه سه‌ر عێراق، خه‌ڵكى سلێمانى ڕه‌تى كرده‌وه، ئه‌وه‌بوو به توندی وه‌ڵامیان دانه‌وه و 60 بۆ 70 شه‌هیدیان به‌خشی كه "عه‌وله سیس" سه‌رمه‌شق بوو، بۆیه پێم وایه خه‌ڵكى سلێمانى به گوێی حزب و شه‌خس ناكات و بزانه ڕۆژی ڕیفراندۆم چۆن هه‌موو ده‌چنه سه‌ر سندووقه‌كانى ده‌نگدان و به "به‌ڵێ" ده‌نگ ده‌ده‌ن، ده‌بینین ده‌نگه‌كانى سلێمانى چه‌ند ده‌بێت و به‌گوێی قسه‌ى كه‌سانێك كه به‌وه‌كاله‌ت ئیش بۆ حزب و وڵاتێك بكه‌ن و به‌شدارى ڕیفراندۆم نه‌كه‌ن.
هه‌ندێ لایه‌ن مه‌رجیان بۆ به‌شدارى له ڕیفراندۆم، كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانه، ئێوه چی ده‌ڵێن؟
له‌م رۆژانه دكتۆر موكه‌ڕه‌م تاڵه‌بانى كه كه‌سێكى پسپۆڕ و یاساناس و سیاسی و عێراقی و كوردییه و كه‌سایه‌تییه‌كی گه‌وره‌یه، گوتى پێَویست ناكات په‌رله‌مان ته‌داخول بكات له ڕیفراندۆم، چونكه ڕیفراندۆم له په‌رله‌مان گه‌وره‌تره و ڕیفراندۆم زیاتر جێبه‌جێكردنه، ئه‌وه‌تا له به‌ریتانیا و فینله‌ند په‌رله‌مان ته‌داخولى نه‌كردووه، له ڕاستیشدا په‌رله‌مان ده‌نگى هه‌موو میله‌ت نییه، ڕیفراندۆم ده‌نگى هه‌موو تاكێكى میله‌تى كورد وه‌رده‌گرێت.
له تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌ندێك میدیاوه ده‌نگى "نه‌خێر" ده‌بینرێت و ده‌بیسترێت، كه‌سانێك بۆچوونیان دژی ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆمى 25 ئهیلوول ده‌رده‌بڕن، ئایا مه‌ترسی له‌سه‌ر ڕیفراندۆم دروست ده‌بێت یان هه‌یه؟
ئه‌وه‌ى له تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تیی ده‌بینرێ چینێكى كه‌من به‌ناوى ڕۆشنبیر كه له ڕاستیدا ڕۆشنبیر نین، چونكه ڕۆشنبیر واته داهێنه‌ر، له دنیادا هه‌میشه خه‌ڵكى ڕۆشنبیر پشتیوانى دۆزى میله‌ته‌كه‌ى خۆیان كردووه، به‌ڵام ئه‌مانه ده‌گه‌ڕێن به‌دواى گوته‌ى كه‌سێك له‌وپه‌ڕی دنیا كه دژی كورده یان مه‌لایه‌ك له سوودان ده‌ڵێت جیابوونه‌وه‌ى كورد له عێراق مه‌ترسییه، دێن قسه‌ى مه‌لاكه وه‌رده‌گێڕن. باشه بۆ باشوورى سوودان جیا بووه‌وه مه‌ترسی نه‌بوو بۆ سوودان، كه‌چی سه‌ربه‌خۆیى كوردستان مه‌ترسی بێت له‌سه‌ر سوودان؟، له كاتێكدا له یه‌ك كیشوه‌ریش نین و هیچ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ك له نێوان ئه‌و دوو وڵاته نییه؟ بۆیه پێم وایه به‌ڕێژه‌ى 85% خه‌ڵكی كوردستان ده‌نگ به "به‌ڵێ" ده‌ده‌ن.
ئێسته ئه‌وه‌ى تۆ ئاگادار بیت هه‌ڵوێستى وڵاتان له‌باره‌ى ڕیفراندۆمه‌وه چییه؟
ئێمه نابێت چاوه‌ڕوانى وڵاتان بكه‌ین سه‌ربه‌خۆیی له‌سه‌ر سینییهكى زێڕین بخه‌نه به‌رده‌ستمان، ئه‌مه روو نادا، به‌ڵكو پێویسته خۆمان خه‌بات بكه‌ین و هه‌وڵی خۆمان بده‌ین به مافی خۆمان بگه‌ین، ئێمه به تفه‌نگى شڕه‌وه شۆڕشمان كرد و به‌ره‌ى كوردستانیمان ڕاگه‌یاند و 1992 په‌رله‌مانمان دانا و حكوومه‌تى هه‌رێممان دروست كرد، پرسمان به كه‌س نه‌كرد، له حوكمى زاتییه‌وه گۆڕیمان بۆ فیدراڵى و له 2005 چه‌سپا و پرسمان به كه‌س نه‌كرد، بۆچی بۆ ڕیفراندۆم پرس به وڵاتان و خه‌ڵكى تر بكه‌ین؟ بۆیه ڕیفراندۆم پێویستى به ترس نییه و پێویسته هه‌موو میله‌ت ده‌نگى "به‌ڵێ" بدات، ئه‌وه‌نده‌ى من وڵاتانم بینیبێت و ئاگادار بم كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا و وه‌زیرى به‌رگریی ئه‌مه‌ریكا و هه‌نگاریا و به‌ریتانى و ئه‌ڵمانیا، هه‌موویان پشتیوانی‌یان بۆ كورد ده‌ربڕیوه، به‌ڵام به فه‌رمى كۆشكى سپی گوتوویه‌تى ئێمه له‌گه‌ڵ عێراقێكى یهگرتووین و ڕێز له ده‌نگ و ڕیفراندۆم ده‌گرین، 300 ملیۆن عه‌ره‌ب هه‌یه خۆ ئه‌مه‌ریكا ناڵێت وه‌ره كورد تۆ لێی جیا به‌ره‌وه یاخۆ ئه‌مه‌ریكا نایه‌ت كورد هان بدات جیا بێته‌وه، به‌ڵكو ده‌بێت ئێمه خۆمان ئه‌مری واقیع دروست بكه‌ین و جیا ببینه‌وه، خۆ خوا له قورئان نه‌یهێناوه كه كورد هه‌میشه له‌گه‌ڵ عێراق و عه‌ره‌ب بێت؟ ده‌بێت خۆمان به مافی خۆمان بگه‌ین و ده‌وڵه‌تمان هه‌بێت.
باشه پێت وایه ده‌وڵه‌تی كوردستان چۆن ده‌بێ؟
پێم وایه ده‌وڵه‌تى كوردی ده‌وڵه‌تێكى نموونه‌یى ده‌بێت له ناوچه‌كه و دۆخی كورد زۆر باشتر ده‌بێت له هه‌ندێ ده‌وڵه‌ت كه هیچ نین و ده‌وڵه‌تن، به‌ڵام ئێمه هه‌موو شتمان هه‌یه ته‌نیا ده‌وڵه‌تمان نییه.
هه‌ندێ خه‌ڵك ترسیان له‌وه هه‌یه پاش ڕیفراندۆم ئه‌گه‌ر سه‌ربه‌خۆییش ڕابگه‌یه‌نرێ، وڵاتان سنووره‌كان داده‌خه‌ن و میله‌ت برسی ده‌بێت، تۆ چی ده‌ڵێیت؟
چه‌نده ئێمه به‌رژه‌وه‌ندیمان هه‌یه له‌گه‌ڵ وڵاتان، ئه‌وانیش زیاتر له ئێمه به‌رژه‌وه‌ندییان له‌گه‌ڵ ئێمه هه‌یه، ئێمه خاوه‌نى زه‌وی كشتوكاڵی و به‌روبوومى خۆماڵی و نه‌وت و ئاوین و میله‌ت و كولتوور و ئابووریمان هه‌یه، بڕوام وایه كه‌س له برسا نامرێت، له پاش ڕیفراندۆم با سنووره‌كان بگرن، چی ده‌بێت؟ ئه‌وان سێ‌و و خواردهمهنى به‌سه‌رچوومان بۆ ده‌نێرن ئێمه دۆلاریان بۆ ده‌نێرین و ئێسته كوردستان بووه‌ته بازاڕێكى ئابووریى به‌هێز بۆ وڵاتان.
توركیا 800 كۆمپانیاى له كوردستاندا هه‌یه 32 هه‌زار كارمه‌ندیان كار ده‌كه‌ن لێره، ئێران 400 كۆمپانیای خه‌ریكى بازرگانى و وه‌به‌رهێنان و پیشه‌سازین، خۆ ئه‌وانه هه‌روا ئاسان ده‌ستبه‌ردارى ئه‌و سه‌رمایه و به‌رژه‌وه‌ندییانه نابن، ئێمه 26 ساڵه ئه‌زموونێكى نیمچه سه‌ربه‌خۆمان هه‌یه له‌م 26 ساڵه نه‌بووینه‌ته مه‌ترسی بۆ ئه‌وان و له داهاتووش نابین، بۆیه هیچ ترسێك نییه دوای ریفراندۆم.
دواى ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆم چی ڕوو ده‌دات و كورد هه‌ڵوێستى چی ده‌بێت؟
ئه‌و ئێواره‌ى ئه‌نجامى ڕیفراندۆمه‌كه ڕاده‌گه‌یه‌نرێت، میله‌ت خۆی دێته سه‌ر شه‌قام و ده‌یكات به شایی و ده‌ڵێت ئه‌وه كورد بووه ده‌وڵه‌ت و ته‌واو و داواى چاره‌نووسی خۆی ده‌كات، ئه‌وكات كۆمیته‌ی باڵای ریفراندۆم ده‌كه‌ونه گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا و توركیا و ئێران و ئه‌مه‌ریكا و وڵاتان و پرۆسه‌كه ده‌چێته سه‌ر رێڕه‌وی خۆی تا ده‌وڵه‌ت راگه‌یاندن.
وشه/ گوڵه‌خانه- شه‌فیق بانى شارى