بایرن میونشن ناسناوێكی تری بردەوە

:: PM:12:38:16/07/2017 ‌

یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی ئێوارەی دوێنێ شەموو ناسناوی جامی تیلیكۆمی بەدەستهێنا دوای ئەوەی لە یاریی كۆتادا لە یانەی ڤیردەر بریمەنی بردەوە.

پاڵەوانیەتییەكە یەك رۆژی خایاند و شێوازی یاریكردنەكەشی بە 45 خولەك بەڕێوە دەچوو نەك وەك شێوازە ئاساییەكەی كە 90 خولەكە.

یانەی ڤیردەر بریمەن لە یاریی یەكەمدا بە لێدانی سزای یەكلاكەرەوە لە یانەی مونشنگلادباخی بردەوە، دوای ئەوەی لە 45 خولەكدا بەبێ گۆڵ یەكسان ببوون.

یانەی بایرن میونشنیش بە گۆڵێكی بێ وەڵام لە یانەی هۆڤنهایمی بردەوە و تاكە گۆڵەكەش لە خولەكی 7 لەلایەن رۆبەرت لیڤاندۆفیسكی تۆمار كرا، دوای سەركەوتن لەو یارییەش گەیشتە یاریی كۆتایی بەرامبەر یانەی بریمەن.

یانەی هۆڤنهایم توانی پلەی سێیەمی پاڵەوانیەتییەكە بباتەوە دوای ئەوەی لە كاتی ئاساییدا بەبێ گۆڵ لەگەڵ یانەی گلادباخ یەكسان بوو و دواتریش بە لێدانی سزای یەكلاكەرەوە یارییەكەی بردەوە.

لە یاریی كۆتایشدا هەردوو یانەی بایرن میونشن و بریمەن رووبەڕووی یەكتر بوونەوە و یانەكەی یەكەم بە دوو گۆڵێ بێ وەڵام سەركەوتنی بەدەستهێنا، گۆڵەكانیش لەلایەن تۆماس مولەر و خوان بێرنات لە خولەكەكانی 13 و 34 تۆمار كران.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م