ریال مەدرید ئەستێرەیەكی بۆ مباپێ دەفرۆشێ

:: PM:12:57:16/07/2017 ‌

رۆژنامەی (سەندای ئیكسپرێس)ی ئینگلیزی بڵاوی كردەوە، یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی ئامادەیە دەستبەرداری ئەستێرەی ویڵزی گاریس بێڵ بێت بۆ ئەوەی بە پارەكەی گرێبەست لەگەڵ كیلیان مباپێی هێرشبەری لاوی یانەی مۆناكۆی فڕەنسی ئیمزا بكات.

رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشدا كە یانەی ریال مەدرید پێداگیری تەواو دەكات بۆ ئەوەی لەم هاوینەدا گرێبەست لەگەڵ مباپێ ئیمزا بكات تا لە وەرزی داهاتوودا هێڵی هێرشبەری تیپەكەی بەهێزتر بكات و پارێزگاری لە ناسناوەكانی خولی ئیسپانیا و خولی ئەوروپا بكات.

ئەمە لە كاتێكدایە كە یانەكانی چێڵسی و مانچستەر یونایتدی ئینگلیزیش ركابەرییەكی توند دەكەن بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ مباپێ و ئامادەشن ئەو پارەیە بدەن كە یانەی مۆناكۆ داوای دەكات.

رۆژنامەكە بڵاویشی كردەوە كە یانەی ریال مەدرید لە ئێستادا بیر لە فرۆشتنی بێڵ دەكاتەوە بۆ ئەوەی بە پارەكەی گرێبەست لەگەڵ مباپێ بكات.

جێی باسە یانەی مۆناكۆ بۆ فرۆشتنی مباپێ داوای زیاتر لە 120 ملیۆن یۆرۆ دەكات دوای ئەوەی وەرزی رابردوو لەگەڵ یانەكەی لە خولی فڕەنسا و خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا ئاستێكی ناوازەی پێشكەش كرد.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م