بەرشەلۆنە نییە.. كامە یانە ركابەری سەرسەختی ریال مەدرید بووە؟

:: AM:10:50:20/07/2017 ‌

سەرۆكی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی ناوی ئەو یانەیەی ئاشكرا كرد كە لە ماوەی 50 ساڵی رابردوودا ركابەری سەرسەختی یانەكەیان بووە.

فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریال مەدرید لە لێدوانێكدا بۆ رادیۆ (ماركا)ی ئیسپانی گوتی: ركابەری سەرسەختی یانەی ریال مەدرید بەرشەلۆنە نییە وەك زۆربەی هەوادارانی تۆپی پێی بۆی دەچن، بەڵكو یانەی ئەی سی میلانی ئیتاڵییە.

پێرێز گوتی: دڵخۆشم لە كۆتاییدا یانەی میلان لەخەو هەستایەوە و لەم وەرزەدا تا ئێستا گرێبەستی لەگەڵ چەندان ئەستێرەی تۆپی پێدا كردووە.

زیاتر گوتی: لەماوەی 50 ساڵی رابردوودا یانەی میلان ركابەری سەرسەختی یانەی ریال مەدرید بووە نەك یانەی بەرشەلۆنە و یانەكانی تری ئەوروپا.

سەرۆكی یانەی ریال مەدرید جەختیشی كردەوە كە دڵنیایە بۆ وەرزی داهاتوو یانەی میلان لەسەر دەستی مۆنتێلای راهێنەر بەو كۆمەڵە یاریزانە نوێیە دەتوانێ بگەڕێتەوە ئاستی جاران و لە بەدەستهێنانی ناسناوەكان نزیك ببێتەوە.

هیواشی خواست بۆ وەرزی داهاتوو یانەكە بەوپەڕی بەهێزییەوە ببینێتەوە و دووبارە مێژووی زێڕین لە ئیتاڵیا و ئەوروپا بنووسێتەوە.

جێی باسە یانەی میلان لە ماوەی گواستنەوەی ئێستای یاریزاناندا تا ئێستا گرێبەستی لەگەڵ چەندان یاریزانی نوێ ئیمزا كردووە لەوانە ئەندرێ سیلڤای هێرشبەری پورتوگالی، ماتیۆ مۆساكیۆی ئەرجەنتینی، ریكاردۆ رۆدریگیزی سویسڕی، فڕانك كیسێی كۆتدیڤواری، فابیۆ بۆرینی ئیتاڵی و هاكان چالهانی توركی، هەروەها بەنیازیشە گرێبەست لەگەڵ هێرشبەرێكی بەتوانای نوێدا بكات و بۆ ئەمەش بییر ئێمریك ئۆبامیانگ لە یانەی بڕووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی و ئەندریا بیلۆتی هێرشبەری یانەی تۆرینۆی ئیتاڵی كردووەتە ئامانج.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م