فیلمێكی كوردی لە پەرلەمانی عێراق پێشان دەدرێت

:: PM:01:52:22/07/2017 ‌

فیلمی كوردی‌ "سە‌مای‌ ئە‌سپەكان" لە سیناریۆ و دە‌رهێنانی سە‌ردار خە‌لیل، بۆ نمایشكردن دەگاتە هۆڵی پەرلەمانی عێراق و لەم ڕۆژانە نمایش دەكرێت.

دەرهێنەری ئەو فیلمە بە"وشە"ی راگەیاند: فیلمی "سە‌مای‌ ئە‌سپەكان" دوای نمایشكردنی لە چەندان فێستیڤاڵی جیهانی و بەدەستهێنانی چەندان خەڵاتی جیهانی، لە ئێستەدا بۆ نمایشكردن لەناو پەرلەمانی عێراق وەرگیراوە و بەم زووانە نمایش دەكرێت. "سەمای ئەسپەكان" لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خەڵاتی ڕێزلێنانی پێ دەبەخشرێت.

ئەو فیلمە یەكەم فیلمی كوردییە لەناو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیارە نمایش بكرێت. ماوەكەی 82 خولەكە و لۆكەیشنی لە باشووری كوردستان كاری بۆ كراوە، لە وێنەگرتنی نیكۆلاس شرۆیدەر و مۆنتاجی هایدای سەفیاری و دیزاینی دەنگی بەهرۆز شەهامت و موزیكی كارزان محەمەدە.

ئەو فیلمە بەرهەمی بەڕێوەیەرایەتی سینەمای سلێمانییە و ساڵی 2014 بۆ 2015 بەرهەم هاتووە، لە نواندنی هەریەك لە ئەكتەران عومەر دڵپاك و زاهیر عەلی نزار سەلامی و ژیان ئیبراهیم و كاوە قادرو عەبدولڕەزاق محەمەد و سۆلین دڵپاك و جەزا محەمەد و سەربەست ئەحمەد و ئیبراهیم كاشی و كەمال عەلی و بەهمەن حاجییە .

ئەو دەرهێنەرە گوتی، چیرۆكی ئەو فیلمە لە ڕووداوێكی ڕاستەقینە وەرگیراوە و باس لە كۆتاهاتنی جەنگ و تێكشاندنی هێزەكان دەكات لە نێوان كورد و عەرەب لە ساڵی 1991، فیلمەكەمان دەیەوێت ئەو پیشان بدات كە نەتەوەی كورد و عەرەب دەتوانن بەیەكەوە بژین بەئاشتی و دوور لە جەنگ بەجیاوازی ئاینەكانەوە. بەجۆرێك باس لە پێشمەرگە دەكات كە هێزێكی ئاشتیخوازە .

ئاماژەی دا، تا ئێستە ئەو فیلمە لە چەند فێستیڤاڵێكی سینەمایی لە وڵاتانی ئیتاڵیا و كەنەدا و ئیسپانیا و ئەمەریكا نمایش كراوە و هەروەها لە ناوخۆی كوردستانیش بەشداری چەند فێستیڤاڵێكی كردووە و چەندان خەڵاتی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی بەدەست هێناوە .

دەرهێنەر سەردار خەلیل لەدایكبووی شاری سلێمانییە و ساڵی 1985ەوە دەستی بەكاری هونەری فیلمسازی كردووە، لە ئەكادیمیای هونەرە جوانەكان لە سووریا خولی سیناریۆ و دەرهێنانی تەواو كردووە و لە چەند درامایەك وەك یاریدەدەری دەرهێنەر و ئەكتەر لە چەند كورتە فیلم و فیلمی بڵند بەشداری كردووە. دەرهێنانی بۆ سێ كورتە فیلم كردووە.

وشە/ شاخەوان شێخانی









وشە - تایبه‌ت