گرووپێكی كوردی كولتووری چوارپارچەی كوردستان پێشانی جیهان دەدات

:: PM:06:31:22/07/2017 ‌

گرووپێكی گۆرانی و میوزیكی كوردی بەشداری لە فێستیڤاڵێكی كولتووری نێودەوڵەتی لە كڕواتیا بە بەشداری ژمارەیەكی زۆری وڵاتان دەكات و تێیدا كولتووری هەر چوارپارچەی كوردستان بە جیهان پێشان دەدات.

هونەرمەند نەژاد بەرزنجی لێپرسراوی "گرووپی پایز" كە بەشدارن لەو فێستیڤاڵە لە كڕواتیاوە ئەمڕۆ شەموو بە "وشە"ی راگەیاند، ماوەی چەند ڕۆژێكە فێستیڤاڵی كولتووری گەلان لە كڕواتیا دەستی بە چالاكییەكانی كردووە و بەیانی كۆتا ڕۆژی بەردەوامبوونیەتی.

زیاتر گوتی، ئەو فێستیڤاڵە بە بەشداری زیاتر لە 50 وڵات بەڕێوە دەچێ و گرووپەكەمان "گرووپی پایز"، وەك نوێنەری سلێمانی بۆ پێشاندانی كولتووری هەر چوارپارچەی كوردستان لەلایەن كڕواتیاوە بانگێشت كراوە و شان بەشانی وڵاتان كولتووری كوردی خۆمان نمایش دەكەین.

روونی كردەوە، فێستیڤاڵەكە نێودەوڵەتی و جیهانییە و پەیامەكەی كۆكردنەوەی پەیامی ئاشتییە بۆ جیهان و كۆكردنەوەی سەرجەم كولتووری وڵاتانە، لەو فیستیڤاڵەدا بۆ ماوەی پێنچ ڕۆژ نمایش دەكەین و لە نێو ئەو شانۆ تایبەتییەی بۆمان دیاری كراوە، لە ناوەڕاستی شەقامەكان كۆنسێرتی میوزیك و گۆرانی ساز دەكەین و كولتووری كوردی پێشانی گەلان دەدەین، هەروەها بەرپرس و كەسایەتی ناوداری ئەو وڵاتە بەشداری كۆتا ڕۆژی ئەو فێستیڤاڵە دەكەن. 

بەرزنجی ئاماژەی كرد، لەو فێستیڤاڵەدا هیج جۆرە كێبڕكێیەك بۆ جوانترین كولتوور نییە، بەڵكو بە ئاشتییانە هەموو وڵاتێك كولتووری خۆی فێری بەرامبەرەكەی دەكات و زۆرێك لە وڵاتان سەماكانی خۆیان پێشان دەدەن. 

ئێمە سێیەم ساڵە بەشداری لەو فێستیڤاڵەدا دەكەین و ساڵی ڕابردووش گرووپی تایبەتی هەڵپەركێمان لەگەڵ بوو، بەڵام ئەمساڵ لەبەر تەنگژەی دارایی نەتوانرا ئەو گرووپە لەگەڵمان بێت، تەنیا من و گۆرانیبێژ لوقمان سەلیم وەك گۆرانیبێژ بەشدارین لەو فێستیڤاڵە لەگەڵ گرووپەكەمان، لێپرسراوی "گرووپی پایز" وای گوت. 

لوقمان سەلیم گۆرانیبێژی بەشداربوو لە كڕواتیاوە بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو فێستیڤاڵەكە نێودەوڵەتییە و ئەمساڵ 51ەمین ساڵە لە كڕواتیا ساز دەكرێ و گرووپەكەمان "گرووپی پایز"، چەند ساڵێكە وەك ئەندامی ئەو فێستیڤاڵە بانگێشت دەكرێت بۆ بەشداریكردن تێیدا.

زیاتر گوتی، ئەمساڵ تاكە گرووپین لە كوردستان و شاری سلێمانی بانگێشت كراوین و بەشداران لە وڵاتانی ئەمەریكا و كەنەدا و بەرازیل و ئەرجەنتین و ئەندەنووسیا و ئیتاڵیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا و هتد و چەند وڵاتێكی عەرەبی بەشدارن تێیدا.

بەیانی كۆتا ڕۆژی بەردەوامبوونی ئەو فێستیڤاڵەیە لە زەگریبی پایتەختی كڕواتیا و چالاكییەكانی كۆتایی دێت، بۆ جاری سێیەمە بەشداری دەكەین لەو فێستیڤاڵە لەژێر ناوی "فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی كولتووری زەگریب" و 51ین خولیەتی كە ساز دەكرێت و بەیانی یەكشەم لە كۆتا ڕۆژی ئەو فێستیڤاڵەدا، شانبەشانی گەلانی بەشداربوو چەندان چالاكی كولتووری كوردی پێشكەش دەكەین، لوقمان سەلیم وای گوت.

هەولێر/ شاخەوان شێخانی












وشە - مه‌حموود ئیسماعیل