كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن لە كۆبوونەوەی داهاتووی وەڵامی سەرۆكایەتی هەرێم دەداتەوە

:: PM:05:10:23/07/2017 ‌

ئەندامانی ئەنجوومەنی كۆمیسیاران بۆ ڕاپرسی و هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەی دووەمیان ئەنجام دا بۆ وەڵامدانەوەی فەرمانەكەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، بەڵام هیچ بڕیارێكیان نەدا.

سەرچاوەیەك لە ئەنجوومەنی كۆمیسیاران ئەمڕۆ یەكشەم 23ی تەمووز، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەنجوومەنی كۆمیسیاران لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا لەبارەی فەرمانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، نەگەیشتن بەهیچ ئەنجامێك و بڕیار درا لە كۆبوونەوەی داهاتوو بە شێوەی فەرمی وەڵامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بدەنەوە.

ئەو سەرچاوەیە زیاتر گوتی، كۆبوونەوەكان بەردەوامی دەبێت پێشبینی دەكرێت لە كۆتایی ئەم هەفتەیە كۆبوونەوەی سێیەم لەسەر پرسی ئەنجامدانی هەلبژاردن بكرێ و بریاری كۆتایی بە زۆرینەی دەنگ بدرێت.

19ی ئەم مانگە مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان فەرمانی ژمارە 128ی تایبەت بە دیاریكردنی رۆژی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان واژوو كرد.

 بە پێی بڕیارەكە رۆژی ١/١١/٢٠١٧ دیاری كراوە بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنی خولی نوێی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، دیاریكردنی ڕۆژی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان، لەكاتێكدایە كە هەرێمی كوردستان 25 ئەیلوول ڕاپرسی دەكات بۆ جیابوونەوە یان مانەوە لە عێراق.



وشە - رامیار جەواد