یەكەم زانیاری لەسەر ئایفۆن9 بڵاو بووەوە

:: AM:10:31:24/07/2017 ‌

لە میدیاكانی تەكنەلۆجیا، یەكەم زانیاری لەبارەی ڤێرژنی ساڵی 2018ی مۆبایلی ئایفۆن بڵاو بووەوە كە ڤێرژنی نۆ دەبێ، دوای ئەوەی ئەمساڵ كۆمپانیاكە ڤێرژنی هەشتی ئایفۆن دەخاتە بازاڕەكانەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەی The Korea Economic Daily كۆمپانیایەكی كۆری بەناوی LG Chem پاتری شەحنی مۆبایلی ئایفۆن9 بۆ كۆمپانیای ئەپڵ بەرهەم دەهێنێت.

كۆمپانیای LG Chem گەورەترین كۆمپانیای كیمیایییە لە كۆریای باشوور، كۆمپانیای ئەپڵیش سیاسەتی كاركردن لەگەڵ زۆرترین كۆمپانیا پێڕەو دەكات بۆ ئەوەی تێچووی كەمتر لە هەر مۆبایلێكی ئایفۆن خەرج بكات و نرخەكەیشی لە بازاڕ كەمتر بێ.

بۆ بەرهەمهێنانی پاتری شەحنی مۆبایلی ئایفۆن9، كۆمپانیاكە گرێبەستێكی لەگەڵ كۆمپانیای ئەپڵ واژوو كردووە و بڕی 90 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكیشی پێ دراوە، بۆ ئەوەی دەست بە پڕۆژەی دروستكردنی پاتری مۆبایلی ئایفۆن9 بكات.

پێشتر كۆمپانیای ئەپڵ بۆ بەرهەمهێنانی پاتریی مۆبایلە زیرەكەكانی، لەگەڵ كۆمپانی ئەی تی ئێلی چینی و كۆمپانیای مۆراتای ژاپۆنی گرێبەستی ئەنجام دەدا بۆ دروستكردنی پاتری بۆ ڤێرژنە جیاجیاكانی ئایفۆن، لە بەرامبەریشدا كۆمپانیای سامسۆنگی ڕكابەری لە كۆمپانیای LG Chem  و SDI پاتری مۆبایلی گالاكسی بەرهەم دەهێنا.

سەرچاوە/RT.



وشە - باز ئه‌حمه‌د