كۆتینیو 90% دەچێتە بەرشەلۆنە

:: AM:09:39:27/07/2017 ‌

یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی هیوای تەواوی هەیە بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی بەڕازیلی و یانەی لێڤەرپوولی ئینگلیزی فیلیپ كۆتینیو، هەرچەندە یانەكەی بەتەواوی فرۆشتنی رەت دەكاتەوە.

ماڵپەڕی (سكای سپۆڕت)ی ئینگلیزی بڵاوی كردەوە: گرێبەستەكەی كۆتینیو لەلایەن یانەی بەرشەلۆنەوە نزیكە بەكۆتا بێت و بۆ وەرزی داهاتوو ئەو ئەستێرەیە لەنێو یاریگەی كامپ نوو دەبینرێ.

پێشتر رۆژنامەكان بڵاویان كردبووەوە كە بەرپرسانی یانەی بەرشەلۆنە بەڵێنیان بە نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی داوە لەبەرامبەر مانەوەی لە ریزی یانەكەیاندا كۆتینیوی هاونیشتمانی دەهێننە تیپەكەیانەوە.

ماڵپەڕی سكای سپۆڕت ئاماژەی بەوەشدا كە بەرپرسانی یانەی بەرشەلۆنە دڵنیان بە پێشكەشكردنی دەستەوارەیەك بەبەهای 100 ملیۆن یۆرۆ دەتوانن بەرپرسانی یانەی لێڤەرپوول رازی بكەن بۆ دەستبەرداربوون لەو یاریزانە تەمەن 25 ساڵییە.

ئەمە لە كاتێكدایە كە یانەی لێڤەرپوول لەمەو پێش چەند جارێك رەتی كردبووەوە ئەو یاریزانەیان بفرۆشن، بەڵام یانەی بەرشەلۆنە پێیوایە یاریزانەكە خۆی دەیەوێ بۆ وەرزی داهاتوو بێتە یاریگەی كامپ نووەوە.

جێی باسە یانەی لێڤەرپوول پێشتر دەستەوارەیەكی یانەی بەرشەلۆنەی بەبەهای 80 ملیۆن یۆرۆ رەت كردبووەوە، چاوەڕوانش دەكرێ دەستەوارە نوێیەكەی بە 100 ملیۆن یۆرۆ بێت و 90% گرێبەست لەگەڵ یاریزانەكەدا بكات.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م