له سه‌ره‌تادا زۆر خولیای خوێندنه‌وه‌ی شیعر بووه، دواتر هه‌ستێك لاى دروست بوو كه ده‌كرێ شیعر ئه‌و پانتایییه بێ كه هه‌ست و نه‌سته‌كانی خۆی تێدا ده‌ربڕێت. پایزه ئه‌حمه‌د ساڵی ١٩٩٥ ده‌ستى به شیعرنووسین كردووه و له ساڵی ٢٠٠٣ ده‌رفه‌تی باشتری نووسینى بۆ ره‌خسا، ئه‌وكات كێشه‌ی چه‌وسانه‌وه‌ی ژنان به گشتیی ژنانی كوردستان به تایبه‌تی كار تێكردنێكی زۆری له‌سه‌رى دانا. ئه‌وه‌بوو له پاڵ خه‌باتكردن له‌پێناو رزگاری ژنان وه‌ك چالاكی ژنان ناوه‌ناوه ده‌ستى دایه نووسین. ئیدی له‌وكاته‌وه نووسینه ئه‌ده‌بییه‌كانیشى وه‌ك شیعر ئاوێته‌ی ئه‌و بوارانه بووه. له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا وه‌ڵامی چه‌ندان پرسیار ده‌داته‌وه.
* چۆن ئاوێزانی دنیای شیعر ده‌بیت، ئایا شیعر ده‌تنووسێته‌وه یا تۆ شیعر ده‌نووسییه‌وه؟
- هه‌ر پیشه‌یه‌ك پێویستی به خۆئاماده‌كردنێكی فیزیكی یان رۆحیی یان هه‌ردووكیان پێكه‌وه هه‌یه، به‌ڵام شیعرنووسین پیشه نییه، بۆیه پرۆسه‌ی شیعر لای من جگه له‌وه‌ی ده‌بێ به‌هره‌مه‌ند بی له با‌گڕاوه‌ندێكی رۆشنبیریی فره‌ڕه‌هه‌ند ده‌بێ هه‌ست و نه‌سته‌كانیشت خۆبه‌خۆ بتنووسنه‌وه، وا هه‌ست ده‌كه‌م من هه‌ر به‌و جۆره ئاوێزانی نووسین ده‌بم. نازانم له چ چركه‌ساتێك ده‌بمه شیعر یان وشه و گوزارشته‌كان وه‌ك شیعر دامده‌ڕێژن.
*ئایا پێوه‌ندییه ئیستاتیكییه‌كانی زمان له پرۆسه‌ی شیعردا چییه و ئه‌ركه سه‌ره‌كییه‌كانی كامانه‌ن؟
- زمان لای من ئه‌گه‌ر هه‌موو پانتایییه‌كانی پرۆسه‌ی شیعرنووسینی داگیر نه‌كردبێ، ئه‌وه زۆربه‌ی هه‌ره زۆری بۆ خۆی بردووه، بۆیه پێوه‌ندییه‌كانی زمان به تایبه‌تیش پێوه‌ندییه ئیستاتیكییه‌كانی بۆ شیعر وه‌ك پێوه‌ندیی نێوان جه‌سته و رۆحی بوونه‌وه‌رێكی ئه‌فسانه‌یییه. ئه‌گه‌ر به هه‌ڵه‌دا نه‌چووبم و به‌شێوه‌یه‌كی گشتگیرتر ته‌ماشای ئه‌و پێوه‌ندییه ئیستاتیكییانه‌ی زمان به شیعره‌وه بكه‌ین و كه‌ته‌لۆكییانه یان ماتماتیكییانه لێی نه‌ڕوانین، ئه‌وه ناتوانین بڵێین (كۆمه‌ڵێك ئه‌رك) هه‌ن له‌و ناوه‌دا، به‌ڵكو ته‌نیا یه‌ك ئه‌رك هه‌یه ئه‌ویش بیناكردنی گه‌وهه‌ری تێروته‌سه‌لی جوانی دا‌هێنانه له تێكڕای ره‌هه‌نده‌كانی ئه‌وه‌ی پێی ده‌گوترێ شیعر.
*ئایا له شیعره‌كانتدا تا چه‌ند ئاوڕت له منداڵی داوه‌ته‌وه، گه‌ڕانه‌وه بۆ منداڵی چۆن ده‌بینی له‌ناو نووسیندا؟
گه‌ڕانه‌وه بۆ منداڵی له‌ناو شیعرنووسیندا كا‌رێكی فره‌ئه‌رێنی و پێویسته، چونكه ئه‌و گه‌ڕانه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر به پوختیی به‌رجه‌سته بكرێ، ئه‌وه هه‌مان ئه‌و خه‌سڵه‌ته جوان و ناسكانه به شیعر ده‌به‌خشێ كه به خۆڕسك له منداڵی‌دا هه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ش له‌بیر نه‌كه‌ین كه گه‌وره‌ییمان ئه‌گه‌ر به لاڕێدا نه‌برابێ، هه‌ر له منداڵیماندا ئا‌فه‌ریده بووه و به تێكڕای مرۆڤبوونمان پێك دێنن.
*بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ری تۆ زیاتر له كۆد و نهێنی و ته‌كنیكه‌كانت نزیك ببێته‌وه، چی كۆمه‌كی ده‌كات و له چییه‌وه ده‌ست پێ بكات؟
- وای نابینم كه‌سێك هه‌بێ بتوانێ دڵی خوێنه‌ر بخوێنێته‌وه، له راستیشدا ئه‌وه كاری من نییه یان هه‌ر كاری كرده‌نی نییه.
*ئایا گرفتی ڕه‌خنه‌ی كوردی نه‌بوونی میتۆد و تیۆری ئه‌ده‌بییه؟
من وای نابینم كه گرفتی ره‌خنه‌ی كوردی پێوه‌ندیی به نه‌بوونی رێبازی ئه‌ده‌بی خۆمانه‌وه هه‌بێ، چونكه وه‌ك ده‌یبینین چه‌ندان میله‌ت هه‌ن هیچ رێبازێكی ئه‌ده‌بی دیاریكراوی سه‌ربه‌خۆیان نییه، كه‌چی له لایه‌نی ره‌خنه‌وه ده‌وڵه‌مه‌ندن یان به‌پێی پێویستی به‌رهه‌مه ئه‌دبییه‌كانی خۆیان رێچكه‌یه‌كی ره‌خنه‌یییان گرتووه‌ته به‌ر، من پێم وایه گرفتی نه‌بوون یان لا‌وازی ره‌خنه‌یی ئێمه پێوه‌ندیی به لاوازیی و دواكه‌وتنی كولتوور و زمانه‌كه‌مانه‌وه هه‌یه كه هۆكاری سیاسی له پشته، ئه‌وه‌ش خۆبه‌خۆ ده‌بێته هۆی نه‌بوونی ئاستێكی به‌رزی ده‌قه ئه‌ده‌بییه‌كانمان و دروستبوونی گرفتی ره‌خنه‌یی ئه‌ده‌بیمان.
*نووسین رێگه‌یه و نووسه‌ر سه‌فه‌ریی، ئایا تۆ ده‌ته‌وێت چۆن ئه‌م ڕێیه ببڕیت، هه‌نووكه له كوێی ئه‌و رێیه‌دا هه‌نگاو ده‌نێی؟
نووسین رێیه‌كی ئارام و پڕ چێژه، بۆیه ئه‌و رێگه‌یه چه‌نده‌ی درێژتر ده‌بێته‌وه، لای نووسه‌ر شیرین‌تر ده‌بێ، من ده‌مه‌وێت به‌پێی توانای خۆم ئه‌و ڕێیه ببڕم. ساڵانێكه ده‌نووسم به‌ڵام هێشتا وا هه‌ست ده‌كه‌م له سه‌ره‌تای نووسیندام، چونكه كاتێك ده‌كه‌ویته سه‌رڕێ، ئینجا هه‌ست ده‌كه‌ی رێگه‌یه‌كی چه‌ند بێ كۆتایییه.
*ئایا قه‌ت تووشی ئه‌وه بوویته له دوای نووسینی ده‌قێك بۆ ماوه‌یه‌ك له نووسیندا بێده‌نگ بووبیت و كه‌وتبیته گومان و دڵه‌ڕاوكێوه؟
به‌ڵێ، هه‌ڵبه‌ته نووسین بێ بیركردنه‌وه و رۆچوون نابێ، به‌ڵام هه‌ر شتێك كه ده‌ستی پێ ده‌كه‌ی ئه‌گه‌ر كاتی پێویستی بۆ ته‌رخان بكه‌ی و به‌شێوه‌یه‌كی فراوان و هه‌مه‌لایه‌نه بیری لێ بكه‌یته‌وه به‌و ئاسته تووشی دڵه‌ڕاوكێت ناكات كه كاره‌كه‌ت مایه‌پووچ بكات، من له شیعرنووسین زۆر له‌سه‌رخۆ كار ده‌كه‌م، زۆر جار كۆپله شیعرێك ده‌نووسم، كاتێكی زۆر بێ ده‌نگ ده‌بم و بیری لێ ده‌كه‌مه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به ته‌واوی بچمه ناخی ده‌قه‌كه بێ ئه‌وه‌ی پاشان بكه‌ومه دڵه‌ڕاوكێ.
*ئێسته له نووسیندا خه‌ریكی چیت و چیت له هه‌گبه‌دایه؟
پتر خه‌ریكی نووسینی شیعرم و له پڕۆژه‌مدا هه‌یه نامیلكه شیعرێك به چاپ بگه‌یه‌نم. هه‌ندێك جاریش له بواری كێشه‌كانی ژنان ده‌نووسم، به‌و هیوایه‌شم بوارم هه‌بێ له‌و كارانه‌ی هه‌ڵمبژاردوون به‌رده‌وام بم.
وشه/ هه‌ورین و ئه‌ڤین