لە شارێكی كوردی گەرماوی تایبەت بۆ مەڕ دەكرێتەوە

:: PM:01:38:12/08/2017 ‌

لە یەكێك لە شارەكانی كوردستان، گەرماوی گەڕۆك كە تایبەتە بە شووشتنی مەڕ دروست دەكرێت و ئەمەش بۆ فێنككردنەوەیان و پاككردنەوەیان لە میكرۆب.

ئەمڕۆ شەموو 12ـی ئاب/ ئۆگستس، بەپێی راگەیەنراوێكی شارەوانی وان، لە چوارچێوەی كارەكانی سەرۆكایەتیی یەكەی خزمەتگوزاری كشتوكاڵی، مەڕ و بزنەكانی ناوچەكە لە گەرماوێكی تایبەت لە لایەك فێنك دەكرێنەوە و لە لایەكی تریش لە بەكتریا و میكرۆبەكان خاوێن دەكرێنەوە.

لە ڕاگەیەنراوەكەی شارەوانیی واندا هاتووە، تیمەكانی شارەوانی لە دەشتایییەكانی شارۆكەی گورپنار خزمەتگوزاریی "گەرماوی تایبەت" پێشكەش بە مەڕ و ماڵاتانی ناوچەكە دەكەن، لە هەر ١٥ خولەكێك ١٠٠ مەڕ دەشۆرێت.

هاروون توتار سەرۆكی یەكەی خزمەتگوزاریی كشتوكاڵی شارەوانیی وان دەڵێت، شوانەكان كاتێك مەڕ و ماڵاتەكانیان لەسەر كانییەكان دەشووشت، رووبەڕووی ئەستەمی زۆر دەبوونەوە، بۆیە ئاژەڵەكان دووچاری نەخۆشی دەبوونەوە. ئێمە پارەمان بە ئامێرێك دا كە بە دەرمان ئاژەڵەكان دەشۆرێت، هەروەها  ئامێرەكانمان لە چوار ناوچەی وان جێگیر كردووە. 

ئیسكان یوكسەك كە شوانێكی مەڕە خۆشحاڵی خۆی لەمەڕ خزمەتگوزارییە نوێیەكە دەربڕی و گوتی، لە پێناو پاراستنی ئاژەڵەكانمان لە نەخۆشی، ساڵانە دوو جار دەیانشۆین كە ئەمە كارێكی زۆر ئەستەمە و پێی ماندوو دەبووین. تیمەكانی شارەوانی بۆ ئێرە هاتن و دەرفەتی شووشتنی مەڕ و ماڵاتەكانمانیان بە دەرمان بۆ رەخساندین.




وشە - رامیار جەواد