داعش ئیبای بۆ ناردنی دراو بەكار دێنێت

:: AM:09:23:14/08/2017 ‌

بەگوێرەی زانیارییەكانی نووسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمەریكا "ئێف بی ئای"،  لێكۆڵەرانی بەدوای تۆڕێكی گەورە و فرەوانی دارایی دەگەڕێن كە مامەڵە لە ڕێی پێگەی ئیبای ئەنجام دەدەن، بۆ حەواڵەكردنی پارە و ئەوەی تا ئێستەش ئاشكرا بووە، ئەو تۆڕە لەلایەن بەرپرسێكی باڵای ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش پێشتر ڕێكخراوە و دواتر لە بۆردمانێكی هاوپەیمانان لە 2015 كوژراوە.

ڕۆژنامەی "وۆل ستریت جۆرنال"ی ئەمەریكی بڵاوی كردەوە، سیتفۆل سوجان ئەو بەرپرسە باڵایەی داعشە كە تۆڕێكی دارایی فرەوانی لە ڕێی ماڵپەڕی ئیبای دروست كردووە، بۆ ئاڵوگۆڕكردن و ناردن و وەرگرتنی سەرجەم جۆرەكانی دراو، ئەمەش دوای گرتنی كەسێك لە ویلایەتی ماریلاندی ئەمەریكا كە پارەی بۆ هاتووەتە ناردن و دوای چاودێری ورد و چڕی ئێف بی ئای، گیراوە.

ڕۆژنامەكە هێمای بۆ ئەوەش كردووە كە ساڵی 2016 حكوومەتی ئەمەریكا تۆمەتبارێكی تری گرت بەناوی "محەمەد شناوی" بە تۆمەتی پێوەندیكردنی بە ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش و فرۆشتنی پرێنتەر لە پێگەی ئیبای و پارەكەیشی بۆ كردە تیرۆریستییەكان و تیرۆریستان بەكار دەهێنێت.

نووسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدراڵی ئاماژەی داوە، لە دادگای فیدراڵی لە بالتیمۆر شناوی دانی پێدا ناوە، بەشێك بووە لە تۆڕێكی گەورەی جیهانی كە لە بەریتانیاوە تا بەنگلادیش درێژ بووەتەوە و ئامانجی سەرەكیشی پارەداركردنی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش بووە، زۆرترین هاوكارییەكانیش بۆ ئەنجامدانی كردەی تیرۆریستی لە ئەمەریكا هاتوونەتە ناردن.




وشە - باز ئه‌حمه‌د