ئه‌مڕۆ له شاری هه‌ولێر، پڕۆژه و وه‌رزێكی تایبه‌ت به ئاینده‌ی منداڵ بۆ ماوه‌ی سی ڕۆژ نمایش ده‌كرێت و تێیدا گرنگیی سه‌ربه‌خۆیی منداڵ ده‌خرێته ڕوو كه به‌شێكه له چالاكییه‌كانی بۆ قوتابییانی منداڵ ده‌كرێته‌وه.
پشتیوان عه‌بدوڵا خاوه‌نی بیرۆكه و سه‌رپه‌رشتیاری ئه‌و پڕۆژه‌یه به "وشه"ی راگه‌یاند: ئه‌مڕۆ سێشه‌م، به‌ڕێوه‌به‌ڕایه‌تی گشتیی ڕۆشنبیری و هونه‌ری هه‌ولێر له وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوان، له په‌راوێزی به‌ره‌و فێستیڤاڵی سینه‌ما و سه‌ربه‌خۆییدا، له ژێر دروشمی "منداڵ ئاینده‌یه، ئاینده‌ش سه‌ربه‌خۆییه" وه‌رزی نیگای منداڵ بۆ سینه‌ما ساز ده‌كات، ئه‌و پڕۆژه‌یه ئه‌مڕۆ بۆ ماوه‌ی مانگێگ به‌رده‌وام ده‌بێت.
وه‌ك ئاماژه‌ی پێ دا، ڕۆژانه فیلمێكی جیهانیی منداڵان به ژێرنووسی كوردی، له سێ كاتی جیاواز كه بریتین له سه‌عات پێنج و شه‌شی ئێواره و هه‌شتی شه‌و، له هۆڵه‌كانی سینه‌مای سێڤ ئارتی مێگا مۆڵ له شاری هه‌ولێر نمایش ده‌كرێن، هاتنیش بۆ سه‌رجه‌م منداڵان بێ به‌رامبه‌ره و ده‌توانن تا كۆتای وه‌رزه‌كه ئاماده‌ی هه‌موو فیلمه‌كان بن.
ئه‌و پڕۆژه‌یه له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوان، به‌ڕێوه‌به‌ڕایه‌تی ڕۆشنبیری و هونه‌ری هه‌ولێر پاڵپشتی كراوه و له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ڕایه‌تیی هونه‌ری سینه‌مای هه‌ولێر به‌ڕێوه ده‌چێت. پشتیوان عه‌بدوڵا وای گوت.
هه‌روه‌ها گوتی، ئامانج و مه‌به‌ست له‌و وه‌رزه، په‌روه‌رده‌كردنی نه‌وه‌یه‌كی نوێی عاشق به سینه‌مایه، منداڵ ئاینده‌ی كۆمه‌ڵگه‌یه، ده‌بێت عاشقی هونه‌ر و سینه‌ما بن و هه‌ر له منداڵییه‌وه په‌روه‌رده بكرێن بۆ ئه‌وه‌ی كه‌لێنی گه‌وره له نه‌بوونی بینه‌ری سینه‌ما له كوردستان پڕ بكه‌نه‌وه.
له‌باره‌ی فیلمه‌كان گوتی، 30 فیلمی ئه‌نیمێشنی جیهانیی منداڵان به ژێرنووسی كوردی نیشان ده‌درێن، مه‌به‌ستیش له ژێرنووسكردنی فیلمه‌كان ئه‌وه‌یه، منداڵان هان بدرێن وشه و ڕسته‌ی ڕه‌وانی كوردی بخوێننه‌وه، بۆیه داواكارین له سه‌رجه‌م خێزانانی كورد، منداڵه‌كانیان بۆ هاتنی سینه‌ما و بینینی فیلمه جوانه‌كان بهێنن و بێبه‌شیان نه‌كه‌ن.
خاوه‌نی بیرۆكه‌كه ده‌ڵێ، ناوه‌ڕۆكی سه‌رجه‌م فیلمه‌كان، گه‌شبینی خێزان و گیانی خۆشه‌ویستی و ته‌بایی و لێبورده‌یی نیشتمانپه‌روه‌ری بۆ منداڵان نیشان ده‌ده‌ن، بینینیان دنیابینی منداڵ ده‌گۆڕێت، ڕۆڵی ده‌بێت له په‌روه‌رده‌كردنی و ده‌یكات به نه‌وه‌یه‌كی ته‌ندروست بۆ ئاینده‌ی كۆمه‌ڵگه كه هه‌موومان ده‌زانین منداڵ ئاینده‌ی جوانی وڵاتن و ئاینده‌ش سه‌ربه‌خۆیییه بۆ كوردستان.
هه‌ولێر / شاخه‌وان شێخانی