میسی بۆ یاریی كلاسیكۆی سبەی پەیامێك بڵاو دەكاتەوە

:: PM:12:06:15/08/2017 ‌

لیۆنێل میسی ئەستێرەی یانەی بەرشەلۆنە هیوابڕ نەبووە بەرامبەر شكستە گەورەكەی پێرێ یەكشەم لە یاریی چوونی جامی سوپەری ئیسپانیا بەرامبەر یانەی ریال مەدرید لەنێو یاریگەی كامپ نوو بە ئەنجامی 1-3 گۆڵ.

میسی لە پەیامێكدا لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (ئینستگرام) ئاماژەی بەوەداوە كە یانەی بەرشەلۆنە دەتوانێ سبەی قەرەبووی شكستەكە بكاتەوە و لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ سەركەوتنێكی گەورە بەدەست بێنێ.

میسی لە پەیامەكەدا نووسیویەتی "رۆژی شكستەكەمان قورس بوو، بەڵام دەتوانین دووبارە هەستینەوە و بەردەوام بین، لە ئێستاشەوە دەستمان پێ كردووە".

میسی لەگەڵ پەیامەكەیدا 3 وێنەی مەشق و راهێنانەكانی یاریزانانی یانەی بەرشەلۆنەی لەنێو یاریگەی خوان گامبەر بڵاو كردووەتەوە.

لای خۆیەوە رۆژنامەی (مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ)ی كەتەلۆنی بڵاوی كردەوە: میسی ئاواتەخوازە سبەی یەكشەم رۆژێكی مێژوویی لە یارییەكانی كلاسیكۆدا تۆمار بكات و سەركەوتنێكی گەورە بەسەر یانەی ریال مەدرید لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆدا بەدەست بێنن.

جێی باسە میسی لە یارییەكەی پێرێ یەكشەمدا ئاستێكی باشی پێشكەش كردبوو و تاكە گۆڵی یانەكەشی لە رێگەی لێدانی سزاوە تۆمار كردبوو، بەڵام نەیتوانیبوو ئامانجی سەرەكی یانەكەی بەدەست بێنێ كە سەركەوتن بوو.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م