هاندەرانی ریال مەدرید بەرامبەر سزاكەی رۆناڵدۆ هەڵوێست وەردەگرن

:: PM:12:16:15/08/2017 ‌

هاندەرانی یانەی ریال مەدرید بڕیاریانداوە لە یارییەكەی سبەی چوارشەم لە یاریی گەڕانەوەی جامی سوپەری ئیسپانیا لە دژی بڕیاری یەكەتیی تۆپی پێی ئیسپانیا سەبارەت بە سزای كریستیانۆ رۆناڵدۆ هەڵوێست وەربگرن.

یەكەتیی تۆپی پێی ئیسپانیا دوێنێ دووشەم بەفەرمی سزای راگرتنی 5 یاریی بەسەر رۆناڵدۆ سەپاند بەهۆی ئەنجامدانی هەڵوێستی نەشیاو بەرامبەر ناوبژیوانی یاریی كلاسیكۆی چوونی جامی سوپەری ئیسپانیا كە پێرێ یەكشەم لەنێو یاریگەی كامپ نوو بەڕێوە چوو و تێیدا یانەی شاهانە بە ئەنجامی 1-3 گۆڵ یارییەكەی بردبووەوە.

رۆژنامەی (ماركا)ی نزیك لە یانەی ریال مەدرید بڵاوی كردەوە: هاندەرانی یانەی ریال مەدرید سبەی چوارشەم لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە خولەكی 7ی یارییەكەدا كە ژمارەی درێسی رۆناڵدۆیە، ئاڵای سپی هەڵ دەكەن وەك ناڕەزاییەك بەرامبەر سزاكەی یەكەتیی تۆپی پێی ئیسپانیا.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشدا كە هاندەران دەیانەوێ بەم پەیامە سنوورێك بۆ ئەو ناحەقییانە دابنێن كە رووبەڕووی یانەی ریال مەدرید دەبێتە لەسەرجەم یارییەكانی كلاسیكۆدا بەرامبەر یانەی بەرشەلۆنە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م