پاولینیۆ كێشەی بۆ یانەی بەرشەلۆنە دروست كردووە

:: AM:10:14:16/08/2017 ‌

ماڵپەڕی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی پێرێ دووشەم ئاشكرای كرد كە توانیویانە رێككەوتن لەگەڵ یانەی گوانگزهۆی چینی بكەن بۆ گواستنەوەی پاوڵینیۆی یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی بەڕازیلی.

بڕیاریشە سبەی پێنجشەم یانەی بەرشەلۆنە لەنێو یاریگەی كامپ نوو پاوڵینیۆ پێشكەش بە هاندەران و دەزگاكانی راگەیاندن بكات كە گرێبەستەكەی 40 ملیۆن یۆرۆی تێچووە.

هەرچەندە ئەم یاریزانە تا ئێستا هیچ یاریی و تەنانەت مەشق و راهێنانیشی لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە ئەنجام نەداوە، بەڵام بووەتە هۆی نانەوەی كێشە و بەشێك لە یاریزانان داوای رۆیشتن لە یانەی بەرشەلۆنە دەكەن.

بەشێك لە یاریزانە لاوەكانی یانەی بەرشەلۆنە پێیانوایە هاتنی پاوڵینیۆ هیچ هەلێكیان بۆ ناهێڵێتەوە تا لە وەرزی داهاتوودا بەشداری لە یارییەكاندا بكەن هەر لەبەر ئەمەش داوای رۆیشتن و جێهێشتنی یانەكە دەكەن لەوانەش سێرجی رۆبێرتۆ و رافینیا.

رۆبێرتۆ /25 ساڵ/ پێیوایە هێنانی پاوڵینیۆ مانای ئەوە دەگەیەنێ كە راهێنەری یانەی بەرشەلۆنە بڕوای بەتواناكانی نییە و بۆیە نایەوێ ببێتە بارگرانی بەسەریانەوە.

ئەمە لە كاتێكدایە كە چەندان یانەی گەورەی ئەوروپا ئامادەییان بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ رۆبێرتۆ پێشانداوە لەوانە مانچستەر یونایتد، چێڵسی، میلان و یۆڤانتۆس، هەروەها ئامادەیشیان پێشانداوە ئەو پارە بدەن كە یانەی بەرشەلۆنە بۆ مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی دیاری كردووە كە 40 ملیۆن یۆرۆیە.

لەلایەكی ترەوە رافینیا ماوەیەكە داوای رۆیشتن لە یانەی بەرشەلۆنە دەكات و هاتنی پاوڵینیۆی هاونیشتمانیشی وای كرد لە بڕیارەكەی رژدتر بێت، چونكە پێیوایە ئەو شایستەی ئەوەی بۆ وەرزی داهاتوو لە پێكهاتەی سەرەكی یانەی بەرشەلۆنەدا یاریی بكات.

لە ماوەی رابردووشدا چەند یانەیەكی گەورەی ئەوروپا ئامادەییان پێشاندابوو گرێبەست لەگەڵ رافینیا بكەن لەوانە لێڤەرپوول و ئارسناڵی ئینگلیزی.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م