دهۆك.. بڵاوكراوه‌یه‌كی نوێ ده‌ستی به‌ وه‌شان كرد

:: PM:04:38:16/08/2017 ‌

دوای ئه‌وه‌ی زیاتر له‌ 50 رۆژنامه‌ و گۆڤار له‌ سنووری پارێزگای دهۆك به‌ هۆكاری جیاواز به‌ تایبه‌تی ته‌نگژه‌ی دارایی داخران، ده‌زگه‌یه‌كی میدیایی به‌ وه‌شانكردنی بڵاوكراوه‌یه‌كی نوێ له‌ دهۆك ده‌رچوو كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ دووه‌م رۆژنامه‌ له‌ پارێزگای دهۆك كه‌ به‌رده‌وام بێت.

سلێمان ئالیخان خاوه‌ن ئیمتیاز و سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه‌ی "رۆژ ئارتیكل" به‌ "وشه‌"ی راگه‌یاند، رۆژنامه‌ی ناوبراو ده‌بێته‌ رۆژنامه‌یه‌كی نوێ له‌ پارێزگای دهۆك و ئه‌مڕۆ ژماره‌ سفری خۆی چاپ و بڵاو كرده‌وه‌ كه‌ ته‌نیا گوتار بڵاو ده‌كاته‌وه‌.

له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆكی ڕۆژنامه‌كه‌ گوتی، گرنگی به‌ وتار ده‌دات له‌ بواری هزر و بیروڕا و داهێنانی نووسه‌ران و قه‌ڵه‌مه‌ نوێیه‌كانی كوردستان و پارێزگای دهۆك به‌ تایبه‌ت ده‌خاته‌ ڕوو، زیاتر بوار به‌ گه‌نجان و پێكهاته‌كانی تری پارێزگای دهۆك ده‌دات، ته‌نانه‌ت ده‌رگه‌ بۆ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران و نووسه‌رانی عه‌ره‌بیش كرایه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وانیش بێنه‌ ناو بابه‌تی رۆژه‌ڤی كوردستان و ناوچه‌كه‌ و هه‌موو شتێكی كوردستان به‌ دیدێكی جیاواز سه‌یر ده‌كرێت كه‌ ئه‌ویش وتاره‌، ئه‌مه‌ش پڕۆژه‌یه‌كی نوێیه‌ له‌ كوردستان به‌ تایبه‌تی له‌ بواری راگه‌یاندندا.

سلێمان ئالیخان كه‌ پێشتر به‌رپرسی نووسینگه‌ی كه‌ناڵێكی ته‌له‌ڤزیۆنی بووه‌، رای گه‌یاند "رۆژ" به‌ مانای رووناكی و گه‌رماوگه‌رم دێت و پاشگری "ئارتیكڵ"یش بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ ناوه‌كانی تری رۆژنامه‌ و گۆڤاره‌كانی كوردستان جیاواز بێت و مه‌به‌ست ناسینه‌، چونكه‌ له‌وانه‌یه‌ چه‌ند رۆژنامه‌ و گۆڤاری تر به‌ناوی رۆژ هه‌بێت.

رۆژئارتیكل به‌ هه‌شت لاپه‌ڕه‌ی ره‌نگاوڕه‌نگ و هه‌ر 15 رۆژ جارێك وه‌شان ده‌كرێ و له‌ هه‌موو كوردستان به‌ تایبه‌تی له‌ پارێزگای دهۆك بڵاو ده‌كرێته‌وه‌.

دهۆك/ نه‌وزاد هلۆری


وشە - تایبه‌ت