خانەقین داوای بەشداریكردن لە ریفراندۆم دەكات

:: PM:07:47:16/08/2017 ‌

ئەندامانی ئەنجوومەنی شارۆكەی خانەقین پرسی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان بۆ سەربەخۆیی تاوتوێ دەكەن و بەناوی جەماوەری خانەقینەوە داوا دەكەن كە ریفراندۆمەكە سنووری شارۆكەكەیان بگرێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 16ی ئاب/ ئۆگەستس، ئەندامانی ئەنجوومەنی شارۆكەی خانەقین بە سەرۆكایەتیی سەمیر محەمەد سەرۆكی ئەنجوومەنەكە و ئامادەبوونی 18 ئەندام سەبارەت بە بەشداریكردنی هاووڵاتییانی ئەو شارۆكەیە لە پڕۆسەی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان لە 25ی سێپتێمبەر كۆبوونەوە.

بەپێی راگەیەندراوێكی ئەنجوومەنەكە كە وێنەیەكی بەدەست "وشە" گەیشتووە، لەو كۆبوونەوە نائاساییەی ئەنجوومەنەكەدا كە ئەمڕۆ چوارشەم بەڕێوە چوو، پرسی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان بۆ سەربەخۆیی تاوتوێ كرا و بەو پێیەنی كە شارۆكەی خانەقین لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمە و مادەی 140ی دەستووری عێراق دەیگرێتەوە، هەروەها ئەو مادە زیاتر لە 10 ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە و لەلایەن حكوومەتی ناوەندەوە جێبەجێ نەكراوە، بۆیە ئەو بڕیارانەی خوارەوەمان دا:

یەكەم/ داوا لە لایەنی پێوەندیدار بە پرسی ریفراندۆم دەكەین بەوەی پڕۆسەكە جەماوەری شارۆكەی خانەقینیش بگرێتەوە، كە بڕیارە لە 25ی سێپتێمبەر یاز بكرێت لەپێناو دەنگدان بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان، بەو پێیەی ئەنجوومەنەكە نوێنەری شەرعیی جەماوەری خانەقینە.

دووەم/ داوای كردنەوەی بنكەی دەنگدانی سەر بە كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی  هەرێمی كوردستان لە خانەقین و دەورووبەری دەكەین.  

 حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، رۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتەمبەری داهاتوویان وەك رۆژی ریفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل