گۆرانی بۆ دەوڵەت دەڵێن

:: AM:09:59:17/08/2017 ‌

گۆرانیبێژان لانە زەنگەنە و عومەر گوندی، كاریان بۆ دوو گۆرانیی نوێ كردووە بۆ ریفراندۆم و دەوڵەت و سەربەخۆیی كوردستان و تازە بڵاویان  كردووەتەوە.

هەڵكەوت زاهیر ئاوازدانەری ئەو گۆرانییە نوێیەی لانە زەنگەنە بە"وشە"ی راگەیاند: "ریفراندۆم" ناوی نوێترین گۆرانیی لانە زەنگەنەیە و تازە بڵاومان كردووەتەوە. ئەو بەرهەمە لە تێكستی كاوە شێخ و ئاوازی منە، یوسف لەشكری دەرهێنانی بۆ كلیپەكەی كردووە، ئەو بەرهەمە بۆ پشتگیریكردنە لە ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان .

لانە زەنگەنە لەبارەی ئەو گۆرانییەوە دەڵێت: بۆ گۆرانیی "ریفراندۆم" سوپاسی هاوكارانم دەكەم بۆ ئەو بەرهەمە كە بەدیكۆر و شێوازێكی زۆر جوان كاری بۆ كراوە، هاوكات دەمەوێت كاری باشتر و جوانتر بكەم.

لانە زەنگەنە خەڵكی شاری كەركووكە و خاوەنی چەندان كلیپی گۆرانییە، خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە بواری كارگێڕی و ماوەیەكە گەڕاوەتەوە بۆ كوردستان و كۆمپانیایەكی هونەری دامەزراندووە .
 
هەروەها گۆرانیبێژ عومەر گوندی سروودێك بۆ دەوڵەتی كوردی كلیپ دەكات. ئەمڕۆ پێنجشەم دەرهێنەر شۆڕشڤان سدیق شێرۆ كە دەرهێنانی بۆ سروودەكە كردووە بە"وشە"ی راگەیاند: "ئەم دەوڵەتین" ناوی بەرهەمە نوێیەكەی عومەر گوندییە و تازە بڵاومان كردووەتەوە، ئەو گۆرانییە لە تێكستی هوشیار رێكانییە و لە ئاوازی گۆرانیبێژ خۆیەتی كە من دەرهێنانی كلیپەكەم بۆ كردووە.

بەسەرۆكایەتیی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ئامادەبووانی لایەنە سیاسییەكان، بڕیار درا رۆژی 25/9 وەك رۆژی دەنگدان و رۆژی ریفراندۆم دیاری بكرێت بۆ جیابوونەوەی كوردستان لە عێراق. لەو ڕۆژەوە هونەرمەندانی كورد بە چالاكییەكانیان پشتگیری خۆیان بۆ ریفراندۆم ڕادەگەیەنن.
   
هەولێر/ شاخەوان شێخانی







وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د