بەرشەلۆنە مەرجەكانی كڕینی دێمبلێی قبووڵ كردووە

:: AM:10:11:17/08/2017 ‌

بەگوێرەی سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان، یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی سەرجەم مەرجەكانی یانەی بڕووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی قبووڵ كردووە بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ عوسمان دێمبلێی ئەستێرەی لاوی فڕەنسی.

رۆژنامەی (دیاریۆ گۆڵ)ی ئیسپانی بڵاوی كردەوە: هەردوو یانەی بەرشەلۆنە و بڕووسیا دۆرتمۆند رێككەوتنیان لەسەر دێمبلێ كردووە و ئەو ئەستێرەیە بۆ وەرزی داهاتوو بە 100 ملیۆن یۆرۆ روو لە خولی ئیسپانیا دەكات.

تەنیا كێشە كە لەنێوان هەردوو یانەكەدا تا ئێستا چارەسەر نەكراوە بڕی پارەی پاداشتەكانی دێمبلێیە كە لە یانەی بەرشەلۆنەدا لە داهاتوودا لەبەرامبەر سەركەوتنەكاندا پێی دەدرێ، یانە ئەڵمانییەكە داوای 30 ملیۆن یۆرۆی كردووە و یانە كەتەلۆنییەكەش هەوڵی كەمكردنەوەی دەدات.

دێمبلێ چەند رۆژێك پێش ئێستا بەفەرمی ئەنجامدانی مەشق و راهێنانەكانی لەگەڵ یانەی بڕووسیا دۆرتمۆند پچڕاندبوو بۆ ئەوەی یانەكەی ناچار بكات رەزامەندبێ سەبارەت بە فرۆشتنی بە یانەی بەرشەلۆنە.

بڕیارە دێمبلێ بۆ وەرزی داهاتوو لە ریزی یانەی بەرشەلۆنەدا شوێنی نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی پڕ بكاتەوە كە سەرەتای ئەم مانگە بەگرێبەستێك كە بەهاكەی 222 ملیۆن یۆرۆ بوو پەیوەندی بە یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسییەوە كرد.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م