"ژان ژاك ڕۆسۆ" یه‌كێكه له‌و بیریارانه‌ی به ئاسانی پۆلێن ناكرێت و ناوێكی دیاری كراوی لێنانرێت، چونكه ئه‌و له یه‌ك كاتدا (بیریار و فه‌یله‌سووف و هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ری میوزیك و په‌روه‌رده‌زان و ڕه‌خنه‌گری كۆمه‌ڵایه‌تی) بوو. ئه‌مه‌ش وای كردووه ڕاوبۆچوونی جیاواز له‌سه‌ر "ڕۆسۆ" و كاره‌كانی دروست بكات، وه‌ك هێندێک لە نووسه‌ران ده‌ڵێن: (ئه‌و بۆ هێندێك ڕه‌خنه‌گر، هه‌ڵگیرسێنه‌ری شۆڕشی خوێناوییه و ڕێگە خۆشكه‌ر بووه بۆ فاشیزم، به‌ڵام بۆ هێندێك ڕه‌خنه‌گری تر بریتییه له ڕابه‌رێكی ئیندیڤیدوالیزم، یان ڕابه‌رێكی سۆسیالیزمی نێوده‌وڵه‌تییه. به‌لای كه‌سانێكی وه‌ك ئه‌رنست كلێزه‌ره‌وه (ڕۆسۆ) وەک په‌یامبه‌رێك بووه).
به‌ڵام لای فه‌یله‌سوفێكی ناسراوی وه‌ك "میشێل فۆكۆ"، "ڕۆسۆ و هیگڵ" به‌رپرسیارن له هێنانه ئارای كۆمه‌ڵگه‌ی كۆنتڕۆڵ، ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ئارا دایه و به‌وه‌همی بوونی درۆزنه ئازادییه‌كان، مرۆڤه‌كانی شه‌ته‌ك داوه و له‌خۆیانی بێگانه كردوون. بێگومان شتێكی ئاسایی و چاوه‌ڕوان كراوه, كه بیروبۆچوونی جیاجیا, دژ به‌یه‌ك، لەباره‌ی بیریارێكی ئیشكالی وه‌ك "ڕۆسۆ" له ئارادا بێت.
مێژووی فیكری فه‌لسه‌فی ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت: (كه هه‌موو بیریارێكی قوڵ و مه‌زن، دواجار جۆره‌ها ته‌فسیری بۆ كراوه, هه‌ریه‌ك به‌جۆرێك بۆچونه‌كانی لێك داوه‌ته‌وه) ئه‌مه‌ش قه‌ده‌ری كۆمه‌زنه بیریاره‌كانی مێژووی بیری مرۆڤایه‌تی بووه، هه‌ر له: "ئه‌فڵاتون و ئه‌رستۆ"وه تا "هیگڵ و كانت و دیكارت و نیچه و هایدگه‌ر و... هتد."
"ڕۆسۆ" 12ی ٦ی ساڵی 1712 له شاری ژنێفی وڵاتی سویسرا له بنه‌ماڵه‌یه‌كی فه‌ره‌نسایی پرۆتستانت مه‌زهه‌ب هاتووەته دنیاوه. هه‌ر له سه‌ره‌تاشه‌وه ژیانێكی چه‌رمه‌سه‌ری و ئاواره‌یی و پڕ نه‌هامه‌تی ژیاوه. هه‌فته‌یه‌ك دوای هاتنه دنیای، دایكی ده‌مرێت و پووری ده‌یگرێته خۆی. له‌م باره‌یه‌وه ڕۆسۆ ده‌ڵێت: به‌لاوازی و نه‌خۆشیه‌وه له دایكبووم. له‌پێناو هێنانه دنیای مندا، دایكم قوربانی به‌ژیانی خۆیدا. هاتنه دنیام به‌م جۆره، یه‌كه‌مین كۆست و نه‌هامه‌تی من بوو.
"ڕۆسۆ" ئه‌گه‌رچی ژیانی وه‌هابوو، ئه‌گه‌رچی مرۆڤێكی ته‌نیا و لاواز و نه‌خۆش بوو، به‌ڵام (بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك له‌ژێر ده‌ستی ئه‌ودا ڕویدا). (ڕۆسۆ ئه‌و هێز و سۆزه نوێیانه‌ی پرژاند، كه له‌نێو ڕیزێك نه‌وه‌دا به چه‌پاوی مابوونه‌وه).
ئه‌و وه‌ك چۆن ژیانی ئاسایی نه‌بوو، كه‌سێكی ئاساییش نه‌بوو: (من وه‌ك هیچ كه‌سێكی دی, كه هه‌تا ئێستا بینیومه دروست نه‌بووم ته‌نانه‌ت ده‌وێرم بڵێم، من وه‌ك هیچ زینده‌وه‌رێك دروست نه‌بووم)، ئاوهاش نووسین و به‌رهه‌مه‌كانیشی ئاسایی نه‌بوون.
"ڕۆسۆ" به نووسینی په‌یمانی كۆمەڵایه‌تی پەیکەری كۆمه‌ڵگه و ده‌وڵه‌تی ڕماند. ڕۆمانه په‌روه‌رده‌ییه‌كه‌ی –ئیمێل- كایه پریڤاته‌كانی ژیانی له‌بناغه‌وه گۆڕی. ڕۆمانی-ئێلویزی نوێ- ژیانی هه‌ستی زۆر نه‌وه‌ی نوێ كرده‌وه، كه هه‌موو له‌نێو داوونه‌ریت و درۆی ژیاندا نغرۆ بووبوون. نامه‌یه‌ك ده‌رباره‌ی موزیكی فه‌ره‌نسی، فه‌رته‌نه‌یه‌كی گه‌وره ده‌نێته‌وه. كۆنفه‌سیۆنه‌كان، له ئە‌مڕۆدا وه‌ك به‌رهه‌مێكی ئۆتۆبیۆگرافی جیهانی سه‌یر ده‌كرێت.
"ڕۆسۆ" كۆی ئه‌م به‌رهه‌مانه و به‌رهه‌مگه‌لێكی تری بۆ مه‌به‌ستی جیا جیا نووسیوه. "ئیمێل" كه ئه‌و به‌گرنگترین به‌رهه‌می خۆیی داده‌نێت، (تێكه‌ڵییه‌كه له ڕۆمان و داڕشتنی فه‌لسه‌فییانه‌ی جیهانبینی نووسه‌ر، سیمایەکی په‌روه‌رده‌یی ده‌گرێته خۆ.
هاوكات كتێبی (په‌یمانی كۆمه‌ڵایه‌تی) شاكاره به‌ناوبانگه‌كه‌ی "ڕۆسۆ"یه و له چوار كتێب پێكهاتووه، یه‌كێكه له‌و به‌رهه‌مه گرنگانه‌ی تا ئێستەش كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره‌یان له‌سه‌ر كایه‌ی فیكری سیاسیی جێهێشتووه, كۆڵەرانی بواری مێژووی فیكریی سیاسی خۆرئاوا، ناتوانن فه‌رامۆشی بكه‌ن و بایه‌خی پێ نەدەن.
بۆ ڕۆسۆ پشتگوێخستنی ئازادی لە لایەن مرۆڤەوە، بە واتەی پشت هەڵکردنی مرۆڤە لە تایبەتمەندیی مرۆیی و (مافی مرۆڤ). ئازادی وەک ئازادی ویست یان ئیرادە، جێگەی چاوپۆشی نییە، چونکە ئەو ئازادییە بە پێشمەرجی مرۆڤبوون و ئایین و ئەخلاقی مرۆیی دێتە هەژمار. بەم پێیە، ئێمە لای ڕۆسۆ شاهیدی گۆڕانین لە چەمکی مرۆڤدا. مرۆڤ لای ڕۆسۆ ئەو کاتە مرۆڤە بە واتەی ڕاستینەی وشەکە ئازاد بێت. لای ئەو هەموو مرۆڤەکان لە سەرەتای لە دایکبوونیانەوە ئازاد و یەکسانن. ئەو وتەی ڕۆسۆ بەناوودەنگە: (مرۆڤ بە ئازادی لە دایک دە‌بێت، بەڵام لە هەموو لایەکەوە کۆت و بەند دەکرێت.) لە بواری مافی سروشتی‌دا سیکۆلارانە بیر دەکاتەوە.
پاش بە‌سە‌ربردنی چە‌ندان ساڵ لە تە‌مە‌نی تاراوگە و گەڕان بە شارە‌كاندا؛ ڕۆسۆ خە‌ریكی توێژینە‌وە‌ی توانستە‌كانی خۆی دە‌بێت، سە‌رە‌تا بە فە‌لسە‌فە دە‌ست پێدە‌كات، فە‌یلە‌سووفە‌كانی وە‌ك (جۆن لۆك و مالێبرانژ و دیکارت و لایبنیتس و ڤۆڵتێر) دە‌خوێنێتە‌وە، ژیانی ئە‌م ساڵانە‌ی ڕۆسۆ پڕە ل ە‌گە‌ڕان بە ناو ئیتالیا و فە‌ڕە‌نسا و سویسرادا. دواجار لە ٢ی تەموزی ساڵی ١٧٨٨ لە تە‌مە‌نی ٦٦ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. ئەو قوتابخانەی تیۆری پەیمانی کۆمەڵایەتی و ڕۆمانتیسیزمی داهێنا، کاریگەر بووە بە ئەرستۆ و ماکیاڤیللی، تۆماس هۆبز، جۆن لۆک.
سەرچاوەکان:
* كاوه جه‌لال: ژان-ژاك رۆسۆ، مه‌كته‌بی بیر و هۆشیاری، چاپی یه‌كه‌م-2005.
* (د. موسی ابراهیم: معالم الفكر السیاسی الحدیپ و المعاصر-مۆسسه عزالدین للگباعه والنشر، بیروت-الگبعه الاولی، 1994).
المعرفه