کەمالی شاعیر و ڕۆژنامەنووسی کورد بناسە؟

:: PM:11:49:20/08/2017 ‌
(کەمالی) ناسناوی شیعرێتی, خۆی ناوی "عەلی"یە، کوڕی باپیر ئاغای کوڕی چراغە، کە یەکێک بووە لە سەرۆکەکانی هۆزی (ئیسماعیلی عوزێری) و لە تیرەی (میرئاڵایی)یە. لە ساڵی ١٨٨٦ی عیسایی لە شاری سلێمانی لە دایکبووە. باپیر ئاغای باوکی ئەفسەر بووە لە سوپای عوسمانیدا، (کەمالی) لە تەمەنی چوار ساڵیدا بووە، کە باوکی کۆچی دوایی کردووە و لە شاری کەرکووک نێژراوە. 

میناکی نەریتی ئەوسای کوردستان لە مزگەوتی (شێخ عەبدوڵا) کە ناسراوە بە مزگەوتی دوودەرگە لەسەر شاقامی (نالی)یە خراوەتە بەر خوێندن. پاش ئەوەی خوێندنی کتێبە ئایینییەکان تەواو دەکات درێژە بەو جۆرە ژیانە دەدات و دەبێتە نووسەر. لە ساڵی ١٩٠٦-١٩٠٧دا بۆ ئەم مەبەستە گوێزراوەتە بەغدا... پاش ماوەیەکی کورت دەگەڕێتەوە سلێمانی. 

لە دوای ساڵی ١٩١٩ کە ئینگلیسەکان بە تەواوی عیڕاقیان گرت، کرا بە (قایمقام)ی چەمچەماڵ، وەلێ ماوەیەکی کەم لەم ئیشەدا مایەوە دوای ئەم مێژووە، ئیتر (کەمالی) تێکەڵی دنیای ڕاپەڕینی ڕۆشنبیری و بزوتنەوەی سەربەستیخوازی کورد بوو. بەتایبەت لە بزوتنەوەکانی شێخ مەحموودی نەمردا. 

لەم ڕووەوە شاعیر هیچی لە بیرەوەرییەکانی خۆی بۆ تۆمار نەکردووین، هەرچەندە بۆ زیندووکردنەوە و هاندانی ئەم گیانەی، د. عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ چەند ساڵێک پێش مەرگی _ جەژنێک لەگەڵ چەند کوڕێکی ئامۆزای سەردانی کەمالی دەکەن، باسی "چیم دی" ئەحمەد خواجە و ڕۆژانی شێخی نەمر دەکرێ، داوای لێ دەکەن ئەویش یادگاری خۆی بنووسێتەوە، زۆرتر خۆی لە بابەتەکە لاداوە پێی وا بووە نابێ ڕەخنە لە شێخ بگیرێت و نابێ هەموو ڕاستییەکیش بەلای گەشی و کەموکوڕییەوە نەڵێت. 
دوایی بڕیار وا بووە ئامۆزایەک بچێتە لای چی دەڵێت بینووسێتەوە، چەند جارێک چوو بوو، هیچی لێ دەسگیر نەبوو بوو. لە گەرمەی ئەو ساڵانەدا لە سەرەتای ساڵی ١٩٢٢ەوە لەگەڵ زۆربەی ڕووناکبیرانی ئەو سەردەمەی شاری سلێمانیدا مشتومڕ و گفتوگۆ دەکەن بۆ دامەزراندی کۆمەڵێک یان دەستەیەکی ڕۆشنبیری، بۆ گوڕدان بە بواری ڕووناکبیری و بزوتنەوەی سەربەستیخوازی کورد. 

هەوڵ و تەقەللایان گەیشتووەتە پێکهێنانی کۆمەڵەیەکی ڕووناکبیری، کە ئامانجیان لە ڕێگەی ڕۆژنامەیێکەوە بگەیێننە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان. نێوی ڕۆژنامەکە بە (بانگی کوردستان) ناونرا، کە کەمالیش یەکێک بوو لە ئەندام و نووسەرانی ئەم ڕۆژنامەیە و ڕۆژنامەی (ڕۆژی کوردستان) کە کتومت زمانحاڵی سەتەی شێخ مەحموودی نەمر بووە، دەنگوباس و هەواڵ و فەرمانەکانی حکومەتەکەی شێخی لە یەکەم لاپەڕەی سەرەکیدا بڵاوکردووەتەوە.

هەموو شیعر و نووسینەکانی (کەمالی) لەم ڕۆژنامەیەدا بریتی بوون لە وریاکردنەوەی گەلی کورد و پشتگیری کردنی حکومەتەکەی شێخ مەحموودی نەمر. بەڵام ئەم ڕۆژنامەیە تەمەنی لەگەڵ حوکمدارێتی شێخ بووە، هۆی نەمانیشی ئەو تەنگوچەڵەمەیە بووە، کە تووشی سلێمانی هاتووە، جارێکی تر لە لایەن ئینگلیسەکانەوە داگیرکراوە... ڕۆژنامەکەش دوای پێکهێنانی حوکمدارێتی شێخ بوو بە زمانحاڵی حوکومەتەکەی شێخ، دوای تێکچوونی حوکمدارییەکە ئەوانیش وازیان لە دەرکردنی ڕۆژنامەکە هێناوە. 

هەر لەم ماوەیەدا لە خواست و فەرمانی شێخ وەک لە دیوانی (باخی میر)دا نووسراوە، بووە بە نووسەری لای حاکمە سیاسییەکانی ئینگلیز، کە ئەو سەردەمە لە سلێمانی بوون، وەک (مێجەرسۆن) و (گرین هاوس) و (ئەدمۆنز). دوای ئەم ماوەیە کراوە بە فەرمانبەری (دارایی) لە هەڵەبجە و دووساڵ واتە ساڵی ١٩٢٦ لەم ئیشەدا بەردەوام بووە، بەڵام شێخ و سوپاکە چوونە (پیران)، کەمالی دەستی لە ئیشەکەی هەڵگرت و خۆی گەیاندە لای (شێخ مەحموود) ماوەی ساڵیک لای دەمێنێتەوە. لەسەر ڕاسپاردەی شێخ دووبارە چووەتە (تاران و کرماشان) بۆ دیدەنی (ڕەزاشا) و هێندێ باڵیۆزی هەندەران لە ئێران و گەیاندنی نامە بەناوبانگەکەی (شێخ)ی نەمر بە کۆماری شۆڕەوی. 

لە ساڵی ١٩٢٨دا گەڕاوەتەوە شاری هەڵەبجە، لەوێ تا ساڵی ١٩٥٠ نیشتەجێ بووە، لەبەر ئەوەی کوڕەکەی بە مووچە خۆریی میری لە شاری کەرکووک دامەزرا کەمالیش کۆچوباری ژیانی بەرەو هەوارگەی تازە برد و تا ساڵی ١٩٦٣ هەر لەوێ ماوەتەوە، دواتر کوڕە گەورەی گوێزراوەتەوە بۆ سلێمانی و بە ئێجگاری هاتووەتەوە سلێمانی. پاش بەسەربردنی تەمەنێکی ٨٨ ساڵی لە شەوی ٢٩ی ١١ی ١٩٧٤ی زایینی کۆچی دوایی دەکات، لە گردی شێخ محیەدین بە خاکی دەسپێرن. کەمالی جگە لە زوانی کوردی زوانی ترکی و فارسی و عارەبیشی بەباشی زانیوە.

هێندێک لە چوارینەکانی کەمالی:

وام ئەزانی چــــــاوەکەت تەنها دڵ و گیانم ئەبا
کـــــــــــــــافرە ئێستا خەریکە دین و ئیمانم ئەبا
موسحەفی ڕووت ئاشنای کردم بە ئیسلامی کەچی
کـــــــــوفری زوڵفت ئێستە وا بۆ کافرستانم ئەبا

شەرەف هێندە خورا دەنکی نەماوە تاکوو بیڕوێنم
نەماوە تۆوی تۆزێ تا لە جێیەک ئێستە بیچێنم
وەفا ناوێکی ڕووتە هیچ نییە ئەسڵی لە دونیا
ئەگەر بفرۆشرێ شەرتە گیان ئەدەم پێی زوو کە بیسێنم


ئەچمە گوڵزار و لەگەڵ بولبول کە گفتوگۆ ئەکەم
ئەو ئەکا مەدحی گوڵ و من وەسفی گۆنای تۆ ئەکەم
با ئەگەر بۆم بێنێ بۆنی میسکی چینی پەرچەمت
چۆن ئیتر من بۆنی عەتر و سونبول و شەوبۆ ئەکەم


خەڵکی ئەمڕۆ وا لەسەر ئەوجی فەلەک جەولان ئەکەن
هەروەکو ماسی لەدەریادا سەفا و سەیران ئەکەن
نەگبەتی و بێ عەقڵی داوێن گیری ئەم کوردانەیە
بۆیە تازە حەز لە زەرگ و تەپڵ و دەف لێدان ئەکەن


ئێمە کورد و سەرچڵین دائیم شەڕ و دەعوا ئەکەین
تاوەکوو ئاخر نەفەس بەرزی وەتەن داوا ئەکەین
هەججەتی نامووس و ئیستیقلالی خۆمان سەیر کەن
وا بە خوێنی گەورە گەورەی کوردەکان ئیمزا ئەکەین

گەهـ گرژە گەهێ لوولە گەهێ خاوە دڵی من
وەک پەرچەمەکەت دائیمە شێواوە دڵی من
بۆ زیارەتی پێی تۆیە هەمیشە وەکو ڕێباز
گیانە لەسەری ڕێت سەری داناوە دڵی من

ئەم ڕەسمە یادگارە هەتا پاش نەمانی من
یادم بکەن هەمیشە کەس و دۆستانی من
هەڵبەستەکانی تێکەڵ و شێواوەکانی من
ئەنوێنێ تاڵی مەینەت و تاڵی ژیانی من

سەرچاوە: دیوانی کەمالی، عەلی باپیر ئاغا، ئامادەکردن و ساغکردنەوە و پێشەکی (کەمال عەلی باپیر)، پێداچوونەوەی مامۆستا شوکر مستەفا، دەزگەی ڕۆشنبیری و بڵاوکردنەوەی کوردی.


وشە - ژیڤان خۆرانی