ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم چەند بڕیارێكی گرنگ دەردەكات

:: PM:06:54:23/08/2017 ‌

دوای ئەوەی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم كۆتایی هات، راگەیەندراوێك لەبارەی ئەو بڕیارانە بڵاو كرایەوە كە لەو كۆبوونەوەیە دراون لەوانە رەوانەكردنی شاندێك بۆ روونكردنەوەی ریفراندۆم بۆ وڵاتانی دراوسێ و عەرەبی و ئەوروپا.

بەپێی راگەندراوەكە ئەمڕۆ چوارشەم 23ی ئاب/ئۆگەستس لە سەڵاحەدین، ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم بە سەرپەرشتیی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ئامادەبوونی كۆسرەت ڕەسوڵ عەلی جێگری سەرۆك كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ساز كرد.

لە كۆبوونەوەكەدا ناوەڕۆكی سەردانی دوێنێی وەزیری بەرگری ئەمەریكا بۆ هەرێمی كوردستان و هەڵوێستی هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان بەرامبەر ڕیفراندۆم تاوتوێ كرا و دوای گوێگرتن لە ڕاپۆرت و دەرئەنجامی گفتوگۆكانی شاندنی باڵای ریفراندۆم لە بەغدا كۆبوونەوەكە بەو ئەنجامانەی خوارەوە گەیشت:

یەكەم، كۆبوونەوەكە پێزانینی بۆ كاری یەكگرتووی شاندی دانوستانكار لە بەغدا هەبوو و دووپاتی لە بەردەوامی گفتوگۆكان لەگەڵ بەغدا كردەوە، لەبارەی ڕیفراندۆم و ئایندەی پێوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا.

دووەم، دروستكردنی كۆمیتە و ڕێوشوێنە پڕاكتییەكانی پڕۆسەی ڕیفراندۆم خێراتر بكرێت بۆ ئەنجامدانی لە وادەی خۆیدا و ڕاگەیاندن و توانای حزبەكان بۆ پاڵپشتیكردنی ڕیفراندۆم هەماهەنگ بن.

سێیەم، كۆبوونەوەكە پشتگیریی خۆی دووپات كردەوە لە هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێم بۆ چاكسازی و گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ باشتركردنی مووچە و باری گوزەرانی هاووڵاتییان.

چوارەم، ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم وێڕای دووپاتكردنەوە لە مافی ڕەوای گەلی كوردستان لە دیاریكردنی چارەنووس، تێگەیشتنی تەواوی بۆ هەڵوێستی نێودەوڵەتی هەیە لە بەرامبەر ڕیفراندۆم و ئەوە دووپات دەكاتەوە كە ڕیفراندۆم هیچ كاریگەری نەرێنی لەسەر شەڕی داعش نابێت و گەلی كوردستان لە سەنگەری پێشەوەی شەڕی تیرۆر دەمێنێتەوە و لە شەڕی تیرۆردا ئامادەی هەموو جۆرە هاوكاری و هاوئاهەنگی و گفتوگۆیە لەگەڵ هاوپەیماناندا.

پێنجەم، كۆبوونەوەكە بڕوای تەواوی بە هاوبەشی ڕاستەقینەی پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكانی كوردستان هەیە و پشتگیریی هەموو جۆرە گەرەنتییەك دەكات بۆ دەستەبەركردنی مافەكانیان.

شەشەم، پێكهێنان و ناردنی شاندی دانوساندنكار بۆ وڵاتانی دراوسێ و جیهان كە بخرێتە بەرنامەی كاری ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆمەوە.

حەفتەم، لە ماوەیەكی نزیكدا كۆنفڕانسێك بۆ نووسەر و ئەدیب و ڕۆژنامەنووسانی ناوچەكە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە زمانی عەرەبی لە هەرێمی كوردستان ساز بكرێت، لەسەر پڕەنسیپە دیموكراتییەكان و مافی چارەی خۆنووسین.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل