وادەی یاریی كلاسیكۆ گۆڕا.. لە دوای نیوەڕۆ بەڕێوە دەچێت

:: PM:12:24:11/09/2017 ‌

خافیێر تیباسی سەرۆكی یەكەتیی خولی تۆپی پێی ئیسپانیا ئاشكرای كرد كە یاریی یەكەمی كلاسیكۆی ئەم وەرزە لەنێوان هەردوو یانەی ریال مەدرید و بەرشەلۆنە دوای نیوەڕۆ بەڕێوە دەچێت.

تیباس رایگەیاند كە یارییەكە لە رۆژی 23ی كانوونی یەكەم (مانگی 12)ی داهاتوو سەعات 1ی دوای نیوەڕۆ بەكاتی ئیسپانیا (3ی دوای نیوەڕۆ بەكاتی كوردستان) لە گەڕی 17ی خولی ئیسپانیا لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەڕێوە دەچێت.

ئەمە لە كاتێكدابوو كە یارییەكە خۆی بڕیاربوو لە رۆژی 20ی كانوونی یەكەم بەڕێوە بچێت و وەك یارییەكانی رابردووش لە شەودا بەڕێوە بچێت.

سەرۆكی یەكەتیی خولی تۆپی پێی ئیسپانیا هۆكاری پێشخستنی یارییەكەی ئاشكرا كرد كە بەهۆی یارییەكانی یانەی ریال مەدریدەوەیە لە جامی جیهانی یانەكان لەگەڵ بینەری یارییەكە لە كیشوەری ئاسیا.

تیباس جەختیشی كردەوە كە ئەگەر هەرێمی كەتەلۆنیا لە ریفراندۆمی داهاتوودا پشتگیری لە سەربەخۆیی بكەن، ئەوا یانەی بەرشەلۆنە لە خولی ئیسپانیا دوور دەخرێتەوە و ناتوانێ بەشداری لە خولەكە بكات.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م