خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا.. ئەمڕۆ یاریی گەورە لەنێوان بەرشەلۆنە و یۆڤانتۆس بەڕێوە دەچێت

:: AM:09:12:12/09/2017 ‌

ئەمڕۆ سێشەم یارییەكانی كردنەوەی وەرزی نوێی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بەڕێوە دەچێت و گرینگترین یاریش لەنێوان هەردوو یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی و یۆڤانتۆسی ئیتاڵی دەبێت.

یارییەكە سەعات 9:45ی شەو بە كاتی كوردستان لەنێو یاریگەی كامپ نوو بەڕێوە دەچێت.

ئەم یارییە دەبێتە شەشەمین یاریی لە مێژووی هەردوو یانەكەدا لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا، هیچ كام لە یانەكان لەسەرووی ئەوەی ترەوە نین بەهۆی ئەوەی لە یارییەكدا سەركەوتنیان بەدەستهێناوە و لە 3 یاریشدا یەكسان بوونە.

یانەی بەرشەلۆنە تا ئێستا 4 گۆڵی لە یانەی یۆڤانتۆس تۆمار كردووە، یانە ئیتاڵییەكەش لە 5 یاریی رابردوودا 6 گۆڵی تۆمار كردووە كە 3 گۆڵیان لە یاریی چوونی وەرزی رابردووی خولەكە بوو لە قۆنای 8ی پاڵەوانیەتییەكەدا.

چەند زانیارییەكی تر بۆ خوێنەرانی (وشە) لەسەر رووبەڕووبوونەوەی هەردوو یانەكە دەخەینەڕوو:-

-    یانەی بەرشەلۆنە لە ماوەی 180 خولەكی رابردووی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا نەیتوانیوە بۆ جارێكیش تۆڕی یانەی یۆڤانتۆس بهەژێنێ.

-    دوایین گۆڵ كە یانەی یۆڤانتۆس لەنێو یاریگەی كامپ نوو لە یانەی بەرشەلۆنە تۆماری كرد مارسێلۆ زالایتا بوو لە وەرزی 2003، لەو یارییەشدا یانەی یۆڤانتۆس بە ئەنجامی 1-2 گۆڵ یارییەكەی بردەوە.

-    دوایین گۆڵی یانەی بەرشەلۆنەش بەرامبەر یانەی یۆڤانتۆس بە قاچی نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی تۆمار كرابوو كە هاوینی رابردوو یانە كەتەلۆنییەكەی جێهێشت و چووە ریزی یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسییەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م