یارییەكەی ئەمڕۆی بەرشەلۆنە و یۆڤانتۆس وەك یاریی كۆتایی وایە

:: AM:10:36:12/09/2017 ‌

رۆژنامەیەكی كەتەلۆنی ئاماژەی بەوەدا كە یارییەكەی ئەمڕۆی نێوان هەردوو یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی و یۆڤانتۆسی ئیتاڵی وەك یاریی كۆتایی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا وایە.

ئەمڕۆ سێشەم سەعات 9:45ی شەو بەكاتی كوردستان، لە یاریی دەستپێكی وەرزی نوێی قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا لەنێو یاریگەی كامپ نوو، یانەی بەرشەلۆنە مێوانداریی یانەی یۆڤانتۆس دەكات.

رۆژنامەی (سپۆڕت) لە ژمارەی ئەمڕۆیدا بە ناونیشانێكی گەورە ئاماژەی بەوەداوە كە یارییەكە بۆ هەردوو یانەكە وەك یاریی كۆتای خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا وایە.

رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشداوە كە هەردوو یانەكە دەیانەوێ یەكەم سەركەوتن و 3 خاڵی دەستپێكی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بەدەست بێنن.

هەردوو یانەكە وەرزی رابردوو لە قۆناغی 8ی خولەكەدا دووجار رووبەڕووی یەكتر ببوونەوە، تێیدا یانەی بەرشەلۆنە نەیتوانیبوو هیچ سەركەوتنێك تۆمار بكات و یاریی یەكەمی بە 3 گۆڵی بێ وەڵام دۆڕاندبوو و یاریی دووەمیشی لەنێو یاریگەی كامپ نوو بەبێ گۆڵ یەكسان كردبوو.

ئەمە لە كاتێكدایە كە یانەی بەرشەلۆنە لە وەرزی نوێی خولی ئیسپانیا لە 3 یاریی رابردوودا ئاستێكی ناوازەی پێشكەش كردووە و هەرسێ یارییەكەی بردووەتەوە و ئێستاش بە 9 خاڵ لە ریزی یەكەمی یانەكان دێت.

یانەی یۆڤانتۆسیش بەهەمانشێوە 3 سەركەوتنی لە یارییەكانی سەرەتای وەرزی نوێی خولی پلە یەكی ئیتاڵیا بەدەستهێناوە و بە 9 خاڵ و بە جیاوازی لەگەڵ یانەكانی ناپۆلی و ئینتەر میلان ریزبەندی یەكەمی یانەكانی گرتووە.

ئەم یارییە دەبێتە شەشەمین یاریی لە مێژووی هەردوو یانەكەدا لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا، هیچ كام لە یانەكانیش لەسەرووی ئەوەی ترەوە نین بەهۆی ئەوەی هەریەكەیان تەنیا لە یارییەكدا سەركەوتنیان بەدەستهێناوە و لە 3 یاریشدا یەكسان بوونە.

یانەی بەرشەلۆنە تا ئێستا 4 گۆڵی لە یانەی یۆڤانتۆس تۆمار كردووە، یانە ئیتاڵییەكەش لە 5 یاریی رابردوودا 6 گۆڵی تۆمار كردووە كە 3 گۆڵیان لە یاریی چوونی وەرزی رابردووی خولەكە بوو لە قۆنای 8ی پاڵەوانیەتییەكەدا.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م