سبەی عێراق شەڕی مان و نەمان بەرامبەر تایلاند دەكات

:: AM:11:58:10/10/2016 ‌

سبەی سێشەم هەڵبژاردەی عێراق لە چوارچێوەی یارییەكانی پاڵاوتنی پارزەوینی ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2018ی رووسیا، كاژێر 3:30ی دوای نیوەڕۆ لەنێو یاریگەی پاس لە شاری تەهرانی پایەتەختی ئێران مێوانداریی هەڵبژاردەی تایلاند دەكات.

هەڵبژاردەی عێراق پێنجشەمی رابردوو سێیەم یاریی لەسەریەكی بە ئەنجامی 2-1 گۆڵ بەرامبەر هەڵبژاردەی ژاپۆن دۆڕاندبوو، پێشتریش بەرامبەر هەڵبژاردەكانی ئوستڕالیا و سعوودییەش بەهەمانشێوە دۆڕا بوو.

هەڵبژاردەی عێراق ئێستا بەبێ كۆكردنەوەی هیچ خاڵێك لە ریزبەندی پێنجەم و پێش كۆتای كۆمەڵەی دووەمی یارییەكانی پاڵاوتنی ئاسیا دێت.

بەهەمانشێوە هەڵبژاردەی تایلاندیش لە هەرسێ یاریی رابردوویدا بەرامبەر هەڵبژاردەكانی سعوودیە، ژاپۆن و ئیماڕات دۆڕاوە، بەمەش یارییەكەی سبەی سێشەم بۆ هەردوولایان چارەنووسساز دەبێت تا لە كێبەڕكێكانی گەیشتن بە مۆندیال دانەبڕێن.

هەڵبژاردەی عێراق دەبێت لە هەردوو یاریی داهاتووی بەرامبەر هەڵبژاردەكانی تایلاند و ئیماڕات سەركەوتن بەدەست بێنێ بۆ ئەوەی لە یارییەكانی گەڕانەوەی كۆمەڵەكاندا بگەڕێتەوە نێو كەشی كێبەڕكێكان.

رۆژنامە عێراقییەكان ئاماژەیان بەوەداوە كە رازی شنەیشلی راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق بڕیداوە لە یارییەكەی سبەی بەرامبەر هەڵبژاردەی تایلاند بە پێكهاتەیەكی هێرشبەر یاریی بكات و لە جیاتی یەك هێرشبەر وەك لە یارییەكانی رابردوودا یاریی بە 2 هێرشبەر بكات بۆ ئەوەی زۆرترین گۆڵ تۆمار بكات و 3 خاڵی یارییەكە بەدەست بێنێ.

جێی باسە هەڵبژاردەی ئوستڕالیا تا ئێستا لەگەڵ هەڵبژاردەی سعوودیە بە كۆكردنەوەی 7 خاڵ لە ریزبەندی یەكەم و دووەمی كۆمەڵەی دووەم دێن و هەردوو هەڵبژاردەی ئیماڕات و ژاپۆنیش هەریەكەو 6 خاڵیان كۆ كردووەتەوە.

وشە/ ئامانج ئەكرەم




وشە - باز ئه‌حمه‌د