قه‌یسه‌ری گۆرانی عه‌ره‌بی "كازم ساهیر" جارێكی‌تر به‌شداری له پرۆگرامی "خۆشترین ده‌نگی منداڵان"، ده‌كاته‌وه و په‌شیمان ده‌بێته‌وه له‌و بڕیاره‌ی دابووی له‌سه‌ر به‌شداری نه‌كردنی.
كازم ساهیر هونه‌رمه‌ندی ناوداری جیهانی و عه‌ره‌بی، له ماوه‌ی ڕابردوودا ڕای گه‌یاندبوو كه به‌شداری پڕۆگرامی خۆشترین ده‌نگی گه‌وره‌كان و منداڵه‌كانیش ناكات، به‌ڵام له واڵی تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك پۆستێكی كردووه و به هه‌وادارانی خۆی ڕاگه‌یاندووه كه به‌شداری ده‌كاته‌وه له وه‌رزی دووه‌می به‌رنامه‌ی خۆشترین ده‌نگی منداڵان، كه بڕیاره چه‌ند مانگێكی تر به‌شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ له كه‌ناڵی ئاسمانی "MBC"، په‌خش بكرێت.
له‌سه‌ر وازهێنانی له پڕۆگرامی خۆشترین ده‌نگی گه‌وره‌كان نووسیوویه‌تی، به هۆی سه‌رقاڵی و نه‌بوونی كاته‌وه كشاومه‌ته‌وه و ئه‌و به‌رنامه‌یه نزیكه‌ی شه‌ش مانگ له كاتم ده‌بات له‌و ساڵه‌دا، ئه‌وه‌ش به ئاسانی قه‌ره‌بوو ناكرێته‌وه، له‌سه‌ر هیچی تر نه‌بووه وه‌ك باسی لێوه ده‌كه‌ن.
سه‌باره‌ت به به‌شداریكردنیشی له وه‌رزی دووه‌می پڕۆگرامی "خۆشترین ده‌نگی منداڵان"، ساهیر ده‌ڵێت، به‌رنامه‌كه بۆ منداڵان كه‌متر سه‌رقاڵت ده‌كات و وه‌ك به‌رنامه‌ی گه‌وره‌كان زۆر ناتخاته ژێر به‌رپرسیاریه‌تی هونه‌رییه‌وه، له منداڵان ته‌نیا سۆزیان پێویسته، ئه‌و كاره‌ش بۆمن ئاسانه بیكه‌م.
كازم ساهر گۆرانیبێژ و ئاوازدانه‌ری ناوداری جیهان و عه‌ره‌بییه، له‌دایكبووی ساڵی ١٩٥٧ی شاری مووسڵه، سه‌ره‌تای كاركردنی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی ١٩٨٠، یه‌كه‌م ئه‌لبوومی ساڵی ١٩٨٤ بڵاو كردوه‌ته‌وه، خاوه‌نی چه‌ندان خه‌ڵاتی جیهانی و نێوده‌وڵه‌تییه، تاكه كه‌سه له ناو گۆرانیبێژه عه‌ره‌به‌كان له وڵاتی به‌ڕیتانیا له به‌رامبه‌ر شاژنی ئه‌و شاره گۆرانی گوتووه.