له شارى هه‌ولێر كار بۆ فیلمێكى نوێ كراوه به‌ناوی "سپی سپی" و ئه‌مڕۆ له هه‌مان شاردا نمایش ده‌كرێت، ئه‌و فیلمه باس له ئاڵاى كوردستان ده‌كات و بانگه‌شه بۆ سه‌ربه‌خۆیی ده‌كات.
سامى كاكه‌ی ده‌رهێنه‌ر كه نووسین و ده‌رهێنانى بۆ ئه‌و فیلمه كردووه له دیمانه‌یه‌كى تایبه‌ت به"وشه"ى راگه‌یاند: "سپی سپى" ناوى فیلمه نوێیه‌كه‌مانه و ماوه‌ى چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك كارى بۆ كراوه، ئێسته سه‌رجه‌م كاره‌كانى به‌كۆتا هاتووه و ئه‌مڕۆ چوارشه‌م له شارى هه‌ولێر له سه‌عات 11 له هۆڵى سینه‌ماى مێگامۆڵ نمایش ده‌كرێت، ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ى باس له ئاڵاى كوردستان و سه‌ربه‌خۆیی و یه‌كگرتن ده‌كات .
هه‌روه‌ها گوتی، مه‌به‌ست له ناونانى ئه‌و فیلمه به "سپى" ئه‌وه‌یه كه مێژووى كوردستان پڕ بووه له نه‌هامه‌تى و ڕژانى ڕووبارێك خوێن بۆ گه‌یشتن به‌ئازادى و خه‌ونه‌كانى كورد. ناوه‌ڕۆكى ئه‌و فیلمه باس له ئاڵاى كوردستان ده‌كات كه لادێیه‌ك بانگه‌شه بۆ سه‌ربه‌خۆیی و به‌دیهاتنى خه‌ونى له مێژینه‌ى نه‌ته‌وه‌یه‌ك ده‌كات.
ئاماژه‌ی دا، كاره‌كته‌رى سه‌ره‌كى ئه‌و به‌رهه‌مه، هونه‌رمه‌ندى گه‌وره ناسر حه‌سه‌نه كه ڕۆڵى پیاوێكى به‌ته‌مه‌ن و پێشمه‌رگه‌یه‌كى دێرین ده‌بینێت به‌ناوى مامه پیره، له ڕۆژى ئاڵاى كوردستان داوا له خه‌ڵكى ئاواییه‌كه‌ى ده‌كات له‌و یاده‌دا ئاهه‌نگ و شادى بگێڕن و هه‌مووان بانگهێشت ده‌كات بۆ یه‌كڕیزى.
هه‌ریه‌ك له ئه‌كته‌ران مازیچین عه‌زیز و هه‌ڤاڵ قه‌ره‌چووغى و غازى شینه به‌شدارن له‌و فیلمه‌دا، ستافى فیلمه‌كه‌ش پێك هاتوون له عه‌دنان عوسمان به‌ڕێوه‌به‌رى وێنه‌گرتنى به‌رهه‌م و ئیبراهیم ڕه‌مه‌زان یاریده‌ده‌رى ده‌رهێنه‌ر و مۆنتێر و وێنه‌گرتنى یوسف ئه‌كره‌مه و به‌سپۆنسه‌رى كۆمپانیاى ئه‌لبێت به‌رهه‌م هێنراوه. دیمه‌نه‌كانى ئه‌و فیلمه له گوندى عه‌لیاوه‌ى سه‌ر به‌پارێزگاى هه‌ولێر و قه‌ڵاى هه‌ولێر كارى وێنه‌گرتنی بۆ كراوه.
شایه‌نى باسه ده‌رهێنه‌ر سامى كاكه خاوه‌نى حه‌وت فیلمى دیكۆمێنتاری و دوو كورته فیلمه، بڕیاره ئه‌و به‌رهه‌مه نوێیه‌ی به‌شدار بێت له چه‌ند فێستیڤاڵى ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ى كوردستان، ناوبراو خاوه‌ن چه‌ندان خه‌ڵاته له فێستیڤاڵه‌كان.
هه‌ولێر / شاخه‌وان شێخانى