عێراق شەراكەتی قبووڵ نییە
بارزانی: خەڵكی كوردستان بڕیاری خۆی دەدات

:: PM:04:24:13/09/2017 ‌
كەرنەڤاڵی سەربەخۆیی كوردستان لە شارۆكەی ئاكرێ‌ بەڕێوە دەچێت و مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشداری كەرنەڤاڵەكە دەكات.

ئەمڕۆ چوارشەم 13ی ئەیلوول، كەرنەڤاڵی پشتگیری بۆ سەربەخۆیی كوردستان لە شارۆكەی ئاكرێ‌ دەستی پێ كرد و مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشداری تێدا كرد.

لە كەرنەڤاڵەكەی ئاكرێ‌ سەرجەم پێكهاتەكان و چین و توێژەكان بەشدارن و وەك ئاماژەیەكیش بۆ پێكەوەژیانی پێكهاتەكان لە كوردستان، بارزانی لە نێوان مامۆستایەكی ئاینی و كەسایەتییەكی مەسیحی ئەو دەڤەرە دانیشتووە.

لەمیانەی گوتارێكدا كە تا ئێستە بەردەوامە سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، بڕیاری ڕیفراندۆم یەكلایەنە نییە و عێراق هاوبەشی قبووڵ ناكات، بۆیە پێویستە خەڵكی كوردستان سنوورێك دیاری بكات.

هەموو ئەو كەرنەڤاڵانە بۆ سەربەخۆیی كوردستان لە كاتێكدا دێت كە هاووڵاتییان بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی 25ی ئەیلوول دەكەن بۆ بەشداریكردن لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان.

رۆژی حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، رۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتەمبەری وەك رۆژی ریفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد. خەڵكی كوردستان لە ناوخۆ و دەرەوە بە تاك و كۆمەڵ بەجۆری جیاواز خۆشحاڵی دەردەبڕن.

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان، ڕۆژی پێنجی ئەیلوول/سێتپێمبەری وەك سەرەتای وادەی بانگەشەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكان تا ڕۆژی 22ی ئەیلوول/سێپتێمبەر دیاری كرد، ئێستەش لە شارەكانی هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكان و كوردان لە وڵاتانی ئەوروپا دەستیان بە هەڵمەتی بانگەشەی ڕیفراندۆمی كوردستان كردووە و پرۆسەكە بەردەوامی هەیە.

 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم