ناوچە كوردستانییەكانی دیالە سوورن لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم

:: PM:06:05:13/09/2017 ‌

سەرباری كۆدەنگی و بوونی پیلان و دژایەتیی عەرەبەكانی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بۆ خواستەكانی كورد بە ئەنجامدانی پڕۆسەی ریفراندۆم، كورد سوورە لەسەر ئەنجامدانی پڕۆسەكە و بەرپرسانی ناوچە كوردستانییەكانیش دووپاتی سووربوونیان لە بەشداریكردن لە ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی دووپات دەكەنەوە.

بەهۆی ئامادە نەبوونی بەرپرسانی كورد لە كۆبونەوەكانی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، ئەندامانی لیستە جیاوازەكانی شیعە و سوننە لە دیالە لەدژی ریفراندۆم وەستانەوە، ناوچە كوردستانییەكانیش سووربوونی خۆیان لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم و پابەند نەبوون بەبڕیارەكانی ئەنجوومەنی دیالە دووپات دەكەنەوە.

سەمیر محەمەد، سەرۆكی ئەنجوومەنی شارەوانی شارۆكەی خانەقین، بە "وشە"ی راگەیاند، ئاشكرایە كە بەرپرسانی دیالە چ لە ئەنجوومەن بێ یان لە پارێزگا، لەگەڵ ئەوەدا نین كە كوردستان سەربەخۆ بێ و هەمیشە دەیانەوێ ژێر دەستەی خۆیان بێ، بۆیە دژی راپرسی و سەربەخۆیی كوردستان دەوەستنەوە.

زیاتر گوتی، لە خانەقین ریفراندۆم ئەنجام دەدرێ و پاشەكشەی لێ ناكرێ. دووپاتیشی كردەوە كە پشت بە یاسای ژمارە 21 ساڵی 2008، ئەنجوومەنی شارەوانییەكان دەتوانن بڕیار لەسەر چارنووسی ناوچەكانیان بدەن.

لای خۆیەوە یەعقووب یووسف بەڕێوەبەری شارەدێی گوڵاڵە بە"وشە"ی راگەیاند، ئێمە سوورین لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم و دەست بە بانگەشەی فەرمی دەكەین بۆ هاندانی هاووڵاتییان و پشتگیریكردن لە سەربەخۆیی. دووپاتی كردەوە كە لەو بڕیارە پاشگەز نابینەوە و كاری رژدمان بۆی كردووە.

هۆشیار ئیسماعیل، ئەندامی كوردی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، بۆ "وشە" ئاشكرای كرد كە بەهۆی ئامادە نەبوونی نوێنەرانی كورد لە ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، كە لە سێ نوێنەر پێك دێن، كۆبونەوە و بڕیارەكانی ئەنجوومەن بەجۆرێك دەزانین و قبووڵ ناكەین، چونكە پێوەست بووە بەكورد لەكاتێكدا نوێنەرانی كورد لە كۆبونەوەكان نەبوونە.

لە دوو رۆژی رابردوودا پاش ئاڵۆزییەكانی شارەدێی مەندەلی، ئەندامە كوردەكانی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە لەگەڵ بەشێكی بەرچاو لە حزبە كوردستانییەكان لە سنووری خانەقین سەرقاڵی كۆبوونەوەی تایبەت بەریفراندۆم و كێشەكانی مەندەلی بوون، ئەوەش بووە دەرفەتێك بۆ ئەندامە عەرەبەكانی لیستە جیاوازەكانی دیالە كە بەبێ كور د دەنگ بۆ دژایەتیكردنی ریفراندۆم بدەن.

حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، رۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتەمبەری وەك رۆژی ریفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد.

گەرمیان/ سەبری هۆرینی


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل