لەكاتی بەڕێوەچوونی ریفراندۆم پێشمەرگە ئاسایشی ناوچە كوردستانییەكان دەپارێزێت

:: PM:06:09:13/09/2017 ‌
لە بارەی پاراستنی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لەكاتی ئەنجامدانی پڕۆسەی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان، وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند كە دڵنیایی دەدەینە هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە كە لەژێر چەتری پاراستنی هێزی پێشمەرگەدان كە ناوچەكانیان پارێزراو دەبێت.

ئەمڕۆ چوارشەم 13ی ئەیلوول، عەمید هەڵگورد حیكمەت بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن ڕۆشنبیری لە وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە دەڤەری شێخان كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ئەنجام دا و ڕای گەیاند، دڵنیایی سەت لە سەت دەدەینە هاووڵاتییانی ئەو ناوچانەی كە لە ژێر چەتری پاراستنی هێزی پێشمەرگەدان كە ناوچەكانیان پارێزراو دەبێت لەكاتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان.

زیاتر گوتی، پڕۆسەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان لە ژێر چەتری هێمنی و پاراستنی ناوچەكانی كوردستان بەڕێوە دەچێت و هاوئاهەنگی تەواو لەنێوان هێزەكانی تەناهی دروست دەكرێت.

"ئەگەر هێزێك بیەوێت رێگری لە بۆچوونی خەڵكی كوردستان بكات، ئەوا دەبێت خۆی بەرگەی بەپرسیاریەتییەكەی لە ئایندەدا بگرێت"، بەرپرسەكەی وەزارەتی پێشمەرگە وای گوت.

لێدوانەكەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە دوا بەدوای ئەوە دێت كە ڕۆژی 10ی ئەیلوول/سێپتێمبەر میلیشیاكانی "عەسائیبی ئەهلی حەق" و عەرەبە شۆڤێنییەكان، هێرشیان كردە سەر بارەگەی ئەنجوومەنی شارەوانی شارەدێی مەندەلی و ئاڵای كوردستانیان هێنایە خوارەوە و دەستیان بە مانگرتن و خۆپێشاندان كرد، دوای دوو ڕۆژیش بە زەبری هێز پارێزگای دیالە فەرمانی دوورخستنەوەی سەرۆكی ئەنجوومەنی شارەوانی مەندەلی دەركرد.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم