تا ئێستە كێشەی فۆڕمی خۆراك بۆ دەنگدانی كوردانی تاراوگە چارەسەر نەكراوە


بەڕێوبەری گشتیی لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد كە بەهۆی دوو كێشەوە تا ئێستە تەنیا دوو هەزار و٢٠٠ كەس لە كوردانی تاراوگە ناوی خۆیان بۆ بەشداریكردن لە پرۆسەی ریفراندۆم تۆمار كردووە.

كاروان جەلال ئەمڕۆ چوارشەم بە"وشە"ی راگەیاند، تا ئێستە كێشەی فۆرمی خۆراك بۆ كوردانی تاراوگە چارەسەر نەكراوە و تۆماركردنی ناوی كوردانی تاراوگە بۆ بەشداریكردنیان لە پرۆسەی ریفراندۆم بەردەوامی هەیە و تا ٢٢ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.

بەڕێوبەری گشتی لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان زیاتر گوتی، پێویستە ئەوەی ناوی خۆی تۆمار دەكات لەو سایتەی دروست كراوە، فۆڕمی خۆراكی هەبێت و زۆرێك لەوانە ئەو فۆرمەیان نییە، جگە لەوەش كێشەی كردنەوەی سایتەكە هەیە لە زۆرێك لەو وڵاتانەدا.

روونی كردەوە، ئەو بابەتە پێوەندی بەئێمەوە دەكەن كە سایتەكە نابێتەوە و ئێمە ئەو كێشەیەمان بەو كۆمپانیایە گەیاندووە كە سایتەكەی دروست كردووە چارەسەری بكەن، بۆیە خەڵك وەك پێویست نەیتوانیووە ناوی خۆی تۆمار بكات، گەر نا خەڵكێكی زۆر لە تاراوگە مافی دەنگدانی هەیە.

روونی كردەوە، تا ئێستە تەنیا دوو هەزار و ٢٠٠ كەس لە كوردانی تاراوگە ناوی خۆیان بۆ بەشداریكردن لەو پرۆسەیە تۆمار كردووە. باسی لەوەش كرد كە ئەو تیمەی سەرپەرشتی ئەو كارە دەكات و كێشەكانی هەموو كردووەتە راپۆرتێك و داویانەتە ئەنجوومەنی كۆمسیاران بۆ ئەوەی چارەسەر بكرێن.

هەولێر/ بڵند ئیبراهیم



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل


PM:08:34:13/09/2017




ئه‌م بابه‌ته 635 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌